کاتێک ستەم دەبێتە ناونیشانی نەتەوەیەک
ستار ئەحمەد
لە لاپەڕە پڕ لە ململانێکانی مێژووی عێراقدا، چرکەساتێکی بێدەنگ ھەیە کە لە ھەزاران وتاری سیاسی بەھێزترە؛ ئەو ساتەی زەعیم عەبدولکەریم قاسم ڕووی دەمی کردە مەلا مستەفا بارزانی و لێی پرسی: «داواکاریتان چییە؟». لەوێدا، بارزانی نە نەخشەی کێشا و نە داوای کورسی کرد، بەڵکو تەنھا قورئانێکی بەرزکردەوە و وتی: «دەمانەوێت ئەمە جێبەجێ بکەن». ئەم وەڵامە، تەنھا گوتارێکی ئایینی نەبوو، بەڵکو شۆکێکی مەعریفی بوو بۆ دەسەڵاتێک کە وای دەزانی کورد “عاسی” و یاخییە. بارزانی بەو جووڵەیە ویستی بڵێت: ئەم قورئانە بە زمانی ئێوە دابەزیوە، کەچی ئێمە پەیڕەوی دەکەین و ئێوەش دژایەتی ناوەرۆکەکەی دەکەن.
بارزانی بەو ھەڵوێستەی دەیویست ویژدانی دەسەڵاتدارانی عەرەب بەئاگا بێنێتەوە و پێیان بڵێت: کاتێک خودا دەفەرموێت «ۆمِنْ آێاتِەِ خَلْقُ السَّمَاۆاتِ ۆالْڕَرْچِ ۆاخْتِڵافُ ڕَلْسِنَتِکُمْ ۆڕَلْۆانِکُمْ»، جیاوازیی زمان و ڕەنگی ئێمە ئایەتێکی گەورەی خودایە، ئەی چ لۆژیکێک ڕێگە دەدات مناڵێکی کورد لە زمانی دایکی بێبەش بکرێت؟ ئەگەر قورئان دەفەرموێت «ۆجَعَلْنَاکُمْ شُعُوبًا ۆقَبَائِڵ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ ڕَکْرَمَکُمْ عِندَ اللَّەِ ڕَتْقَاکُمْ»، کەواتە جیاوازی نەتەوەیی بۆ ناسین و تەواوکردنی یەکترە نەک بۆ سڕینەوە، ئەی چۆن دەسەڵاتێک بە ناوی ئایینەوە خاکمان داگیر دەکات و ماڵمان وێران دەکات؟ ئایا تەقوا لە داگیرکاریدایە یان لە دادپەروەری؟
لێرەدا پرسیارە جەوھەرییەکە سەرھەڵدەدات: کێ عاسییە؟ ئەو کەسەی داوای مافی ڕەوای خۆی دەکات کە لە قورئاندا چەسپاوە، یان ئەو دەسەڵاتەی بۆ خۆی قەسر و دەوڵەت بنیاد دەنێت و بۆ “برا” کوردەکەشی کوشتن و دەربەدەری؟ ئیمانی ڕاستەقینە لەو فەرموودە کورتەی پێغەمبەردا (د.خ) کۆبووەتەوە کە دەفەرموێت: «لا یُۆمِنُ ڕحدُکُم حتَّی یُحِبَّ لڕخیەِ ما یُحِبُّ لنَفْسِەِ». بارزانی بەو ھەڵوێستە مێژووییەی سەلماندی کە کورد قوربانیی دەستێکن کە ئایین وەک ئامراز بۆ سەرکوتکردن بەکاردێنن و جەوھەرە دادپەروەرەکەی پشتگوێ دەخەن. ئەوەی بارزانی داوای دەکرد، تەنھا گەڕانەوە بوو بۆ ڕاستی؛ چونکە ھیچ ستەمێک لەوە گەورەتر نییە بە ناوی خوداوە دژایەتی ئایەتەکانی خودا بکەیت و ئەو مافەی بۆ خۆت بە ڕەوای دەزانیت، لە براکەت قەدەغەی بکەیت.









