خوێندنەوەیەک بۆ ٦٤ ساڵ پێشمەرگایەتیی سەرۆک بارزانی
نووسینی: Jurist Sanar Sheroky
لە فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخدا، چەمکی “سەرکردایەتیی کاریزمی” بە تەنها لە ڕێگەی تیۆری کۆشکەکان و دەقە ئەکادیمییەکانەوە پێناسە ناکرێت، بەڵکو لەناو گەرمەی ڕووداوە مێژووییەکان و لەسەر هێڵی پێشەوەی ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکاندا فۆرمۆڵە دەبێت. بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەتی وەک کورد، کە جوگرافیاکەی زۆرجار وەک تەڵەیەکی سیاسی بەکارهێنراوە، مێژووی ڕاستەقینە بە مەرەبەک نەنوسراوەتەوە، بەڵکو بە ڕووداوی مەیدانی نەخشێنراوە. لەم چوارچێوەیەدا، کاتێک لە ئایاری ٢٠٢٦دا سەیری ڕەوتی مێژووی باشووری کوردستان دەکەین، تێپەڕبوونی ٦٤ ساڵ بەسەر پێشمەرگایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی (٢٠ی ئایاری ١٩٦٢ — ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٦)، تەنها یادکردنەوەی وێستگەیەکی کەسی نییە، بەڵکو خوێندنەوەی تێکڕای دۆسیەی سیاسی و ستراتیژیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانە.
ڕەهەندی مێژوویی: لە دیسپلینی شاخەوە بۆ هاوسەنگیی هێز
لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە، کاتێک گەنجێکی ١٦ ساڵان لە ساڵی ١٩٦٢دا کورسیی خوێندنی بەغدا جێدەهێڵێت و لە شاخی حەزرەت چەکی پێشمەرگایەتی دەبەستێت، گواستنەوەیەکی هۆشیارانە لە ژیانی مەدەنییەوە بۆ ناو توندترین شۆڕشی چەکداری (شۆڕشی ئەیلوول) ڕوودەدات. مێژووی سیاسیی بارزانی لەم چوارچێوەیەدا بەسەر چوار وێستگەی جومگەییدا دابەش دەبێت کە هەر یەکێکیان قۆناغێکی دەوڵەتدارین:
١. پێگەیشتن لە ژێر سێبەری بارزانی نەمردا (١٩٦٢ – ١٩٧٥): ئەم قۆناغە قوتابخانەی بنچینەیی دیسپلین، ئاشنابوون بە جوگرافیای سەختی کوردستان و تێگەیشتن لە دەروونیاتی کۆمەڵگای کوردی بوو.
٢. ستراتیژیی زیندووکردنەوە و ڕابەرایەتی (١٩٧٥ – ١٩٩١): دوای نسکۆی ١٩٧٥، کە زلهێزەکان پێیان وابوو دۆسیەی کورد کۆتایی هاتووە، نەخشەی شۆڕشی گوڵان لە ١٩٧٦ و دواتر داستانی خواکوڕک لە ١٩٨٨ بە فەرماندەیی ڕاستەوخۆی خۆی، سەلماندی کە پێشمەرگە کارەکتەرێکی حەتمییە لە هاوکێشەی سەربازیی ناوچەکەدا کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
٣. شەرعییەتی دەستووری و دامەزراوەیی (١٩٩١ – ٢٠١٤): گرنگترین وەرچەرخانی سیاسی لە مێژووی نوێی کورددا، دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی بوو لە ساڵی ١٩٩١ لە کۆیە، کاتێک داوای گۆڕینی “شەرعییەتی شۆڕشگێڕی” بۆ “شەرعییەتی یاسایی و سندوقەکانی دەنگدان” کرد؛ ئەمەش بناغەی دامەزراندنی پارلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.
٤. شەڕی مانەوە و پاراستنی قەوارە (٢٠١٤ – ئێستا): بەرەنگاربوونەوەی توندڕەویی داعش لەسەر هێڵێکی بەربەریی درێژ بە درێژایی میحوەرەکان، تاقیکردنەوەیەکی سەربازیی گەورە بوو کە تێیدا پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان وەک کارەکتەرێکی هاوپەیمانی جیهانی جێگیر بوو، کە لوتکەی سیاسیی ئەم قۆناغەش پڕۆسەی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ بوو وەک پەیامێکی دەستووری و مێژوویی.
ڕەهەندی ئەدەبی و فەرهەنگی: ناسنامەی تفەنگ وەک زمان
لە ئەدەبیاتی سیاسیی کورددا، چەمکی “پێشمەرگە” پێناسەیەکی فەلسەفیی قووڵی هەیە کە مانا لە “پێش مەرگ کەوتن”ەوە وەردەگرێت بۆ پاراستنی ئەوانی تر. لەم گوتارەدا، تفەنگ تەنها کەرەستەیەکی سەربازیی ڕووت نییە، بەڵکو ئامرازێکی زمانەوانییە بۆ دەربڕینی بوونی نەتەوەیی لە بەرامبەر سیاسەتی سڕینەوە (Assimilation).
ئەدەبی بەرگری (أدب المقاومة) لە ژیانی سەرۆک بارزانیدا لەو خاڵەدا بەرجەستە دەبێت کە سەرەڕای گەیشتن بە بەرزترین لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی و دیپلۆماسی، هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە گەورەترین و پیرۆزترین نازناو لای ئەو تەنها “پێشمەرگە”یە. ئەم جێگیربوونە لەسەر شوناس، لە ڕوانگەی ئەدەبییەوە مانای وەفاداری دێت بۆ جێپێی دایکانی شەهیدان و ڕەسەنایەتیی خاکی کوردستان، کە چیاکانی کردووە بە تاقە دۆستی ڕاستەقینەی ئەم نەتەوەیە.
شەست و چوار ساڵ پێشمەرگایەتی، چیرۆکی پیاوێک یان حزبێک نییە، بەڵکو مانیفێستۆ و دۆکیۆمێنتێکی مێژووییە کە دەیسەلمێنێت قەوارەی ئێستای هەرێمی کوردستان خەڵاتێکی سیاسیی ئامادەکراو نییە، بەڵکو بەرهەمی پڕۆسەیەکی تاقەتپڕوکێنی پڕ لە قوربانی، گۆشەگیری، و خۆڕاگریی دەیان ساڵەیە.
لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستادا کە ناوچەکە بە گۆڕانکاریی نوێی جیۆپۆلەتیکیدا تێپەڕ دەبێت، وانەی سەرەکی لەم ٦٤ ساڵە ئەوەیە کە: “پاراستنی دامەزراوە دەستوورییەکان، یەکڕیزیی ناوخۆیی، و پابەندبوون بە بنەماکانی دەوڵەتداریمان”، تاقە گەرەنتییە بۆ هێشتنەوەی ئاڵای کوردستان بە شەکاوەیی و ڕێزگرتن لە خوێنی کاروانە نەبڕاوەکەی شەهیدان









