مەسروور بارزانى و پارێزەرى قەوارە و مافەدەستوورییەکانى کوردستان لە عێراق


رێبوار حەمەلاو شوانى


لە کاتێکدا ناوچەکە بە بارودۆخێکى پڕکێشە وئاڵۆزدا گورزە دەکات ، گەلى کوردستان لە نێوان هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان وپەڵاماردان دایە ،نەیارانى کورد و قەوارەى کوردستان هەوڵى لاوازکردنى سەنگ و پێگەى دەدەن و کار بۆ شکاندنى ئیرادە و شکۆى دەدەن بەڕێگەى جۆرها کارتى سیاسى و ئابوورى و سەربازى و نێوخۆییەوە ، ئەوە بە یەکێک لە تاقیکردنەوە قورسە مێژووییەکان بۆ گەلى کورد هەژمار دەکرێت ، چونکە ئەو پرسە تەنها پەیوەست نییە بە بوارى دارایی و وەزەوە ، بەڵکو قۆناغێکى گرنگ و چارەنووسسازە بۆ دۆزى کورد و دەبێت بە ڕێگەى لۆژیک و دیپلۆماسى و سیاسەتى ژیرانەوە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت ، بۆ ئەوەى کوردوکوردستان بێ زیان لێى دەرباز بێت

جەختکردنەوە لە سەر مافە دەستووریەکانى کوردستان
کێشە هەڵواستراوەکانى نێوان کوردستان وعێراق ، ڕێشەیەکى قووڵى مێژوویی هەیە لە ئێستاو رابردووشدا ، کە هەرگیز پەیوەست نەبووە بە سەرۆکوەزیران یان کەسێک یانیش پرسێکى سادەى وەک ئابوورى و وزەوە ، بەڵکو پەیوەستە بە دوو نەتەوە و دوو بیروڕاى جیاوازەوە ، پەیوەستە بە قۆناغێک کە تێیدا دەبێ یاسا و فیدراڵى و دەستوور حاکم بێت و هاوبەشى ڕاستەقینە پەیرو بکرێت ، ناکرێت جارێکى تر سیستەمى ناوەندگەڕایی یان تاکڕەویی و دیکتاتۆرى بگەڕێتەوە ، چونکە ئەوەى لەماوەى ئەم چەند ساڵەى دواییدا دەسەڵاتە یەک لەدواى یەکەکانى بەغدا دژى کوردستان پەیرەویان کردووە ، سیاسەتى ئابوورى و سیاسى و گوشار بووە بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان لاواز و گۆشەگیر بکەن لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا

ئیرادەیەکى بەهێز و ڕووبەڕووى پیلانگێرى و قەیرانەکان
لە نێو هەموو ئەو پیلانگێرى و فشار و قەیرانە قووڵانەدا ، هەوڵ و تێکۆشانەکانى مەسروور بارزانى ، سەرۆکى حکوومەتى کوردستان ، بە روون و ئاشکرایی دیار و بەرچاوە ، لەکاتێکدا زۆر لایەن لە کوردستان بە فیتەى دەرەکى چاوەراوانى ئەوەیان دەکرد کە کوردوکوردستان لە ژێر ئەو پیلانگێرى و گوشارەنەدا بچەمێتەوە ، بەڵام سەرۆکى حکوومەتى کوردستان ، بەلۆژیک و دیپلۆماسى و بەڕێوەبردنێکى وردبنیانە و ستراتیژییەکى ورد ،توانیی زۆرەبەى کۆسپەکان و قەیرانەکان و گوشارەکان تێکبشکێنێت و بەسەریاندا زاڵ بێت ، بینیمان کاتێک مووچە و بودجەى کوردستان رەوانە نەکرا ، رێگریان لە هەناردەکردنى نەوتى کوردستان گرت ، هەوڵیان دا دەنگى ناڕەزاییەتى و بە قەیرانى ساختە ئیرادەى گەلى کورد و قەوارەکەى تێکبشکێنن ، بەڵام حکوومەتى کوردستان ڕێگەنەدا و روو سپیانە و سەرکەوتووانە خەونى نەیارانى لە باربرد

ڕژد بوون لەسەر گفتوگۆ و لۆژیک و دیپلۆماسى بۆ چارەسەرى کێشەکان
سەرۆکى حکوومەتى کوردستان مەسروور بارزانى ، هەردەم رژد بووە لەسەر ئەو کردۆتەوە تا مافەکانى گەلى کورد بەڕێگەى دەستوورەوە وەک خۆى بدرێت ، بەڵام هەرگیز سازشى لە سەر مافەرەواکانى گەلى کورد نەکردووە ، ئەویش بەڕێگەى سیاسى و دیپلۆماسى و ئیدارەدانێکى سەرکەوتووەکان و گفتوگۆ و لۆژیک ، لە هەمانکاتیشدا پێشمەرگانە بەرامبەر هەموو ئەو هەوڵانە وەستاوەتەوەکە خەونیان بۆ لاوازکردنى قەوارەى کوردستان و پێشێڵکردنى مافەکانى گەلى کورد دراوە

هەوڵدان بۆ چارەسەرى مافەدەستوورییەکانى بەتایبەتى ماددەى 140 و وزە و بودجە
راستیەیەکى حاشاهەڵنەگر و گرنگە بابەتى نەوت و مووچە و قووتى خەڵکى کوردستان پرسێکى سادە و ساکار نییە ، بەتایبەت چارەسەرکردنیان ، کە ساڵانێکى زۆرە بووەتە کێشەیەکى گەورە لە نێوان هەوڵێر و بەغدا دا ، بابەتەکە کەسێک و سەرۆکوەزیرانێک نییە ، بەڵکو پرسەکە پەیوەستە بە زێهێنەتێک کە تا بە ئەمڕۆش لە ژێر کاریگەرى تاکڕەویی و سڕینەوەى بەرامبەر کار دەکات ، ئەویش باوەرى بە دیکتاتۆرییەت و ڕەتکردنەوەى هاوبەشى و دیموکراسى و فیدڕاڵییە ، هەر ئەوەشە وایکردووە حکوومەتى کوردستان بە شێوەیەکى زۆر ژیرانە و پیشەیانە و ستراتیژییانە لەگەڵ دەسەڵاتدارانى عێراقدا مامەڵە بکات ، بۆ ئەوەى بتوانێت پرسى ماددەى 140 و بودجە و مووچە و ئینجا یاسا نەوت و گاز چارەسەرێکى گونجاویی لەگەڵ بەغدا بۆ بدۆزێتەوە

هەوڵە بەردەوامەکان بۆ یەکهەڵوێستى و یەکدەنگى نێوماڵى کوردستان

بۆیە ، زۆر گرنگە هەموو هێزولایەنە کوردستانییەکان پشتیوانى هەنگاوەکانى سەرۆکى حکوومەتى کوردستان مەسروور بارزانى بکەن ، بۆ ئەوەى کوردستان بە یەکدەنگ ویەکهەڵوێستى ڕووبەرووى گوشارو مەترسییەکان ببێتەوە ، بەرژوەندییە باڵاکانى کوردوکوردستان پێش هەموو بەرژوەندییەکانى دیکە بێت و پارێزگاریکردن لە ماف دەستوورییەکانى خەڵکى کوردستان وقەوارەى هەرێمى کوردستان بکرێت و هەموو هەوڵێک بۆ لاوازکردنى ئەم قەوارەیە لەناوببرێت ، چونکە کاتێک بەرژوەندى تەسکى حزبى پێش بەرژوەندییە باڵاکانى کوردستان دەکەوێت ، ئەوکاتە هێزى نەتەوەیی لاواز دەبێت و دوژمنان دەتوانێت فشار و زیانەکانیان بەرامبەر بە کوردستان زیاتر بکەن

بۆیە ، ئەمڕ کورد لە هەموو قۆناغێکى دیکە هوشیارترە و پێوستە کوردایەتى و خۆشەیستى بۆ کوردستان و بەرگریکردن لە هەموو مافەرەواکانى دیکە و خزمەتکردنى کوردستانیان پێش هەموو پرسێکى دیکە بێت ، ئەمڕۆ کوردستان لە نێو تاقیکردنەوە و لە ژێر گوشارى گەورەیەدا ، بەڵام بە ئیرادە و یەکهەوڵوێستى راستەقینە دەکرێت ، رووبەڕووى هەموو ئەو خەونە نەزۆکە ببێتەوە کە ئامانجانیان زیانگەیاندە بە قەوارەى کوردستان ، بەدڵنییاییەوە ، گەلى کورد وبوونى سەرکردایەتییەکى ژیرانە ئەم قۆناغە دەرباز دەکات بەرەو داهاتوویەکى گەشتر و پڕ هیواتر و رووناکتر