ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و بریکاری وەزارەتی دادی حکومەتی فیدرال جەخت لەسەر بەهێزکردنی هاوکاری دەکەن
بەغدا – ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٦
بەڕێز زیاد خەلیفە تەمیمی، بریکاری وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵ، ئەمڕۆ پێشوازی لە د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوو لایەن لەسەر بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لە بوارەکانی پابەندی و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکان و بەدواداچوون بۆ میکانیزمی پێداچوونەوەی گشتیی نێودەوڵەتی (UPR) و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆیان کرد.
هەردوو لایەن جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کردەوە، بۆ بەهێزکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق و پەرەپێدانی کاری هاوبەش.









