ئەم پایزە شەپۆلی زۆر بەهێزی بارانبارین دەستپێدەکات
گەرمبوونی زەریاکان و لاوازبوونی ‘پۆلار ڤۆرتێکس’ پایزێکی پرباران و دەگمەن بۆ ناوچەکە دەهێنن
بەپێی پیشبینی شالاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، پایزی ئەمساڵ لەڕووی دابارین پڕ باران دەبیت، هاوکات ڕایگەیاند، ئاماژە تۆمارکراوەکانی ناو زەریاکان، گۆڕانکاریی بەرچاو لە سیستەمی کەشوهەوای ناوچەکەدا ڕوو دەدەن. گەرمبوونی هەرسێ زەریای هێمن، ئەتڵەسی و هیندی لە بەرژەوەندیی ناوچەکەیە و دەبێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلی زۆر بەهێزی بارانبارین لە مانگەکانی داهاتوودا.
شاڵاو هیدایەت ڕایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت لەوەی لە وەرز لە پایز ماوە، بە بەراورد بە ڕێژەی ئاسایی، دوو هێندە یان زیاتر باران ببارێت. هەروەها مانگەکانی ١١ (تشرینی دووەم) و ١٢ (کانوونی یەکەم) شایەتی چەندین شەپۆلی زۆر بەهێزی باران و هەورەبروسکە، بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان، تەرزەی قەبارە گەورە و دروستبوونی لافاوی گەورە دەبن، کە وای لێدەکات ببێتە پایزێکی دەگمەن لە ناوچەکەدا.
لەلایەکی دیکەوە، پێشبینی دەکرێت تێکچوونی کەشوهەوایی (پۆلار ڤۆرتێکسی جەمسەری / Polar Vortex) لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لاواز ببێت. ئەم دیاردەیە هاوکێشەی کەشوهەوای ناوچەکە بە تەواوی دەگۆڕێت و لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە دۆخەکە بە ئاڕاستەی بارانبارینی بەردەوام و بەهێز وەردەچەرخێنێت.









