بەشی چارەسەری جەڵتەی مێشک لە نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران کرایەوە

پزیشکێکی پسپۆری کورد لە وڵاتی سویدەوە دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و لەسەر ئەرکی تایبەتیی خۆی بەشی چارەسەرکردنی بەپەلەی جەڵتەی مێشک لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ئاشتی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکاتەوە. 

دکتۆر بژار نەجەر، پسپۆری نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، بە ئاڤای وت، پێشتر بەهۆی نەبوونی بەشێکی لەو جۆرە لە سنوورەکە، خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ناچار بوون نەخۆشەکانیان بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر بکەن.

٠ ماوەی دووریی ڕێگەکە دەبووە هۆی تێپەڕبوونی کاتی زێڕینی چارەسەر، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆری نەخۆشەکان تووشی ئیفلیجیی هەمیشەیی دەبوون یان پێش گەیشتنیان بۆ هەولێر گیانیان لەدەست دەدا، ئەوە وای لێکردم بڕیاری گەڕانەوە بدەم تاوەکو ئەو بەشە لە سۆران بکەمەوە.

ئەم بەشە نوێیە ئێستا بە خزمەتگوزاری و ئامێری تەندروستیی پێشکەوتوو ئامادە کراوە، بەجۆرێک هەرچەندە هۆڵەکە لە یەک قەرەوێڵە پێکهاتووە، بەڵام توانای ئامێر و کەرەستە پزیشکییەکان بە بڕێکە کە دەتوانێت لە یەک کاتدا چارەسەری بەپەلە بۆ دوو نەخۆشی تووشبوو بە جەڵتەی مێشک بکات و لە مەترسیی گیانلەدەستدان و کەمئەندامبوون ڕزگاریان بکات.