کیم جۆنگ ئون فەرمانی مەشقی سەربازیی کتوپڕ و ئامادەکاریی بۆ جەنگ دەدات!

ڕێبەری کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون لە وتارێکدا، لە بەردەم فەرماندەی یەکەکانی سوپای گەلی کۆریا (KPA)، فەرمانی تەواوکردنی ئامادەکارییە سەربازییەکانی بۆ ئەگەری بەرپابوونی شەڕ دەرکرد؛ هۆشدارییەک کە هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە نوێیەکانی سنووری ناوچەی داماڵراو لە چەک لەگەڵ کۆریای باشوور.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور (KCNA)، کیم جۆنگ ئون جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەرکی لەپێشینە و سەرەکیی فەرماندەی یەکەکان، تەواوکردنی ئامادەکارییەکانە بە ئامانجی خستنەگەڕ و ئامادەکردنی تەواوەتیی سەرجەم یەکە سەربازییەکان بۆ شەڕێکی ڕاستەقینە لە هەر ساتێکدا.