کاریگەری ناو لەسەر دواڕۆژی منداڵ


ستار ئەحمەد

​ئەو ناوەی مرۆڤ لە سەرەتای تەمەنیدا پێی دەناسرێتەوە، تەنیا کۆمەڵە پیتێکی بێدەنگ نین کە بۆ بانگکردن بەکاربێن، بەڵکوو یەکەمین خشت و بنەمای ناسنامەی دەروونی و کۆمەڵایەتی ئەون کە بە درێژایی ژیانی لەسەر پشتی خۆی هەڵیاندەگرێت. ناو، پەنجەرەیەکە بۆ جیهان کە مرۆڤ لێیەوە خۆی و دەوروبەری دەبینێت، گەورەترین کاریگەریی ڕاستەوخۆشی لەسەر گەشەی دەروونی، متمانە بەخۆبوون و چۆنیەتی دروستبوونی کەسایەتی هەیە لە داهاتوودا. فەلسەفەی ناو لای گەلان، تەنیا هەڵبژاردنێکی سەرپێیی نییە، بەڵکوو ئاوێنەی ڕوونی ئاستی هۆشیاری، کولتوور، پەروەردە و دیدی مرۆڤایەتی هەر کۆمەڵگەیەکە بۆ تاکی خۆی و بۆ ژیان بە گشتی.
​لە ڕوانگەیەکی زانستی و دەروونییەوە، یەکەمین شت کە کۆرپە لە گەورەبوونیدا پێوەی دەبەسترێتەوە و وەک بەشێک لە جەستە و گیانی خۆی لێی دەڕوانێت، ناوەکەیەتی. کاتێک منداڵێک فێر دەبێت کە ناوەکەی واتاو بەهایەکی بەرزی هەیە، هەست بە شکۆمەندی و بوونی خۆی دەکات. ئەمەش وزەیەکی ئەرێنی پێ دەبەخشێت کە بتوانێت لە کۆمەڵگەدا سەر بەرز بکاتەوە و بە بڕواوە هەنگاو بنێت. بە پێچەوانەشەوە، کاتێک ناوەکە واتاگەلێکی نەشیاو، نزم، یان هاوشێوەی پاشماوە و ئاژەڵان لەخۆ بگرێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی برینێکی دەروونی سامناک لە لای تاکی گەورەبوو. ئەم جۆرە ناوانە لە ڕووی دەروونییەوە مرۆڤ تووشی گۆشەگیری، دڵەڕاوکێ و شەرمەزاری بەردەوام دەکەن لەبەردەم هاوتەمەنەکانیدا، چونکە هەمیشە وەک نیشانەیەکی کەمڕێزی یان گاڵتەجاڕی لەلایەن دەوروبەرەوە سەیر دەکرێت.
​لێرەوە کاتێک بە تێڕامانێکی بەرین لە فەلسەفەی زمان و کولتووری نەتەوەکان دەڕوانین، جیاوازییەکی بەرچاو دەبینین لە نێوان ئەو دیدگا هزرییانەی کە ڕێز لە مرۆڤایەتی منداڵ دەگرن و ئەوانەی کە بەهۆی بیروباوەڕی خێڵەکی یان ترسی کاڵفامیەوە، ناوەکان دەشێوێنن. هەندێک کولتوور لەژێر پاساوی پاراستنی منداڵ لە چاوپیسیی و ئێرەیی، یان بۆ ڕاگرتنی ناوەکە لە مردن، پەنا دەبەنە بەر ناو لێنانی پاشماوە و شتی بێبەها یان ناو گەلی کێوی و ئاژەڵ، کە ئەمەش نیشانەی دواکەوتووییەکی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتییە.
​لە بەرامبەردا، کاتێک تەماشای مێژووی ناو نان دەکەین لە کولتووری ڕەسەنی خۆماندا، بە ڕوونی دەبینین کە مرۆڤ چەندە لە ئاستێکی بەرزی جوانی و هۆشیاریدا ژیاوە. ناوە کوردییەکان هەر لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، هەمیشە هاو ئاهەنگ بوون لەگەڵ سروشت، ژینگە، جوانی و واتا بەرزەکانی ژیان. ناوی وەک خونچە کە نوێنەرایەتی سەرەتای پشکووتنی ژیان دەکات، کانی کە سەرچاوەی پاکی و ڕوونییە، نێرگز کە سیمبولی جوانی و خۆڕاگری بەهارە، یاخود لەنجە، گوڵاڵە، سەردار، سامان و کۆیار، هەموویان گوزارشت لە ڕێزگرتنێکی بێپایان دەکەن بۆ تاکی مرۆڤ. ئەم ناوانە نەک هەر بارگرانی دەروونی لەسەر منداڵ دروست ناکەن، بەڵکو دەبنە وزەیەکی هاندەر بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە شانازییەوە ناوی خۆیان بهێنن و خۆیان وەک بەشێکی جوان لەم گەردوونە ببینن.
​خاوەندارێتی لە ناوێکی ڕەسەن و شەنگ، مافێکی سەرەتایی و پیرۆزی هەر منداڵێکە بەسەر دایک و باوکییەوە. کاتێک ئێمە خاوەنی فەرهەنگێکی دەوڵەمەندین کە لێوانلیوە لە وشەی پڕ واتا، بەخشندە، ئازا و ناسک، هیچ پاساوێکی ئەقڵی و دەروونی نییە کە پەنا بۆ ناوەیلێک ببرێت کە مرۆڤایەتی منداڵەکە بچووک دەکەنەوە. ناوەکان پەیامن، کە دایک و باوک بۆ داهاتووی ڕۆڵەکانیانی دەینێرن. بۆیە پێویستە ئەم پەیامە پڕ بێت لە شکۆ, جوانی و واتا، تاوەکو نەوەکانی دواڕۆژمان کاتێک مەزن دەبن، شانازی بە ناسنامەی زمانەوانی و نەتەوەیی و مرۆیی خۆیانەوە بکەن و لە هەموو کات و شوێنێکدا بە سەربڵندی بژین.