کاتێک ستەم دەبێتە ناونیشانی نەتەوەیەک


ستار ئەحمەد

​لە لاپەڕە پڕ لە ململانێکانی مێژووی عێراقدا، چرکەساتێکی بێدەنگ ھەیە کە لە ھەزاران وتاری سیاسی بەھێزترە؛ ئەو ساتەی زەعیم عەبدولکەریم قاسم ڕووی دەمی کردە مەلا مستەفا بارزانی و لێی پرسی: «داواکاریتان چییە؟». لەوێدا، بارزانی نە نەخشەی کێشا و نە داوای کورسی کرد، بەڵکو تەنھا قورئانێکی بەرزکردەوە و وتی: «دەمانەوێت ئەمە جێبەجێ بکەن». ئەم وەڵامە، تەنھا گوتارێکی ئایینی نەبوو، بەڵکو شۆکێکی مەعریفی بوو بۆ دەسەڵاتێک کە وای دەزانی کورد “عاسی” و یاخییە. بارزانی بەو جووڵەیە ویستی بڵێت: ئەم قورئانە بە زمانی ئێوە دابەزیوە، کەچی ئێمە پەیڕەوی دەکەین و ئێوەش دژایەتی ناوەرۆکەکەی دەکەن.
​بارزانی بەو ھەڵوێستەی دەیویست ویژدانی دەسەڵاتدارانی عەرەب بەئاگا بێنێتەوە و پێیان بڵێت: کاتێک خودا دەفەرموێت «ۆمِنْ آێاتِەِ خَلْقُ السَّمَاۆاتِ ۆالْڕَرْچِ ۆاخْتِڵافُ ڕَلْسِنَتِکُمْ ۆڕَلْۆانِکُمْ»، جیاوازیی زمان و ڕەنگی ئێمە ئایەتێکی گەورەی خودایە، ئەی چ لۆژیکێک ڕێگە دەدات مناڵێکی کورد لە زمانی دایکی بێبەش بکرێت؟ ئەگەر قورئان دەفەرموێت «ۆجَعَلْنَاکُمْ شُعُوبًا ۆقَبَائِڵ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ ڕَکْرَمَکُمْ عِندَ اللَّەِ ڕَتْقَاکُمْ»، کەواتە جیاوازی نەتەوەیی بۆ ناسین و تەواوکردنی یەکترە نەک بۆ سڕینەوە، ئەی چۆن دەسەڵاتێک بە ناوی ئایینەوە خاکمان داگیر دەکات و ماڵمان وێران دەکات؟ ئایا تەقوا لە داگیرکاریدایە یان لە دادپەروەری؟
​لێرەدا پرسیارە جەوھەرییەکە سەرھەڵدەدات: کێ عاسییە؟ ئەو کەسەی داوای مافی ڕەوای خۆی دەکات کە لە قورئاندا چەسپاوە، یان ئەو دەسەڵاتەی بۆ خۆی قەسر و دەوڵەت بنیاد دەنێت و بۆ “برا” کوردەکەشی کوشتن و دەربەدەری؟ ئیمانی ڕاستەقینە لەو فەرموودە کورتەی پێغەمبەردا (د.خ) کۆبووەتەوە کە دەفەرموێت: «لا یُۆمِنُ ڕحدُکُم حتَّی یُحِبَّ لڕخیەِ ما یُحِبُّ لنَفْسِەِ». بارزانی بەو ھەڵوێستە مێژووییەی سەلماندی کە کورد قوربانیی دەستێکن کە ئایین وەک ئامراز بۆ سەرکوتکردن بەکاردێنن و جەوھەرە دادپەروەرەکەی پشتگوێ دەخەن. ئەوەی بارزانی داوای دەکرد، تەنھا گەڕانەوە بوو بۆ ڕاستی؛ چونکە ھیچ ستەمێک لەوە گەورەتر نییە بە ناوی خوداوە دژایەتی ئایەتەکانی خودا بکەیت و ئەو مافەی بۆ خۆت بە ڕەوای دەزانیت، لە براکەت قەدەغەی بکەیت.