سێگۆشەی شەرمەزاری: خیانەت، جاشایەتی و پاشایەتی.

جاشایەتی لە فەرهەنگی نەتەوە زیندووەکاندا، تەنیا جێگۆڕکێی سەنگەر یان هەڵەیەکی سیاسی کاتی نییە؛ بەڵکو شێرپەنجەیەکی مێژوویی و داڕمانێکی ڕەوشتی قووڵە، کە ناسنامەی مرۆڤ لە ڕۆڵسازیی نیشتمانییەوە بۆ ئامرازێکی بەسەرچوو لە دەستی داگیرکەردا کورت دەکاتەوە. جاشایەتی ئەو کڕنۆشە شەرمەزارانەیە کە تێیدا مرۆڤی بێ‌شکۆ دەبێتە سووتەمەنی بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگای داگیرکەر بەرەو جەستەی نەتەوە و نیشتمانەکەی.
مێژوو دەیسەلمێنێت کە ئەم ڕێچکە گەنیوە، بە زنجیرەیەکی نەپچڕاو لە دوێنێوە بۆ ئەمڕۆ بەردەوامە. ئەگەر لە ڕابردوودا جاشایەتی لە چوارچێوەی خیانەتی چەکداریدا بەرجەستە دەبوو، ئەوا ئەمڕۆ هەمان ئەو میراتە ڕووخساری خۆی گۆڕیوە بۆ جاشایەتیی مۆدێرن. لێرەدایە سێگۆشەی شەرمەزاری تەواو دەبێت؛ کاتێک (بنەماڵەی تاڵەبانی) دەیانەوێت لەسەر حیسابی خیانەتکردن بە دەستکەوتە نەتەوەییەکان، جۆرە پاشایەتییەکی بنەماڵەیی و پاوانی دەسەڵاتی جاشایەتی دروست بکەن.

ئەوانە ئەمڕۆ لە ژێر سێبەری یاسا و هزری بەعسی و هەڵگری ئاڵای ئۆپۆزسیۆنی نەتەوەییدا، مەترسیدارترین جۆری جاشایەتی پیادە دەکەن؛ دەستی ئەو لایەنانەیان گرتووە کە دوێنێ خەریکی قڕکردنی نەتەوەیەک بوون و بە کیمیاباران هەناسەیان لە ڕۆڵەکانمان دەبڕی. ئەوانەی ئەمڕۆ لە بەغدا وەک هاوپەیمان باوەشیان بۆ دەکرێتەوە، هیچ نین جگە لە درێژکراوەی هەمان عەقڵییەتی شۆڤێنی بەعس کە ئامانجی سەرەتا و کۆتاییان تەنها سڕینەوەی خەڵک و قەوارەی هەرێمی کوردستانە. ئەوەی دەیکەن، درێژەدانە بەو زنجیرە خیانەتە مێژووییەی کە باب و باپیرانیان لە سەردەمی ((دوو شەش))ەوە بناغەیان بۆ داڕشتبوو. لێرەدایە کە پێویستە گەل بڕیاری لێسەندنەوەی ناسنامەی کوردبوونیان بدات؛ بەپێی ئەو بنەما مرۆییەی کە ژان ژاک ڕۆسۆ دایڕشتووە: «ئەو کەسەی نیشتمانەکەی دەفرۆشێت، پێش ئەوەی ناسنامەی نەتەوەیی بدۆڕێنێت، پێگەی خۆی لە ناو مرۆڤایەتیدا لەدەست داوە.»

هەر کەسێک بە زمانی کوردی و بە ئەجێندای نەیاران، بۆ تێکشکاندنی قەوارەی نەتەوەیی و بڕینی قووتی خەڵک هەوڵ بدات، پێش ئەوەی خیانەت لە خاک بکات، شەرعییەتی مرۆیی و نەتەوەیی خۆی دۆڕاندووە. ئەوەی کاڵفامەکەی تاڵەبانی دەیکات، ئەنفالکردنی فیکریی دەستکەوتە نەتەوەییەکانە لە پێناو بازرگانی سیاسی و بەرژەوەندی کەسییاندا. ئەوان ناوی ئۆپۆزسیۆنیان کردووەتە پەرژینێک بۆ ڕادەستکردنی شکۆی نەتەوە بە میراتگرانی بکوژانی کورد.
وەک ناپۆلیۆن پۆناپارت دەڵێت: “زێڕ دەدەم بەو کەسەی نیشتمانەکەی خۆیم بۆ دەفرۆشێت، بەڵام هیچ کاتێک ئامادە نیم دەستی بگرم”.
ئەوانەی ئەمڕۆ دەستی بەرژەوەندی داگیرکەر دەگوشن، دەبێت بزانن ڕۆژێک دێت جامی ژەهریان هەر لە لایەن ئەو دەستانەوە پێ دەنۆشرێت. جاش تەنیا وەک دەستکێش لە پەراوێزی مێژوودا دەمێنێتەوە و کاتێک کارە پیسەکانی پێ کرا، فڕێ دەدرێتە ناو زبڵدانی مێژوو.

پێویستە گەلی کورد لەسەر بنەمای بیروباوەڕی نەتەوەیی، قورسترین شێوە و بە پەراوێزخستنێکی بێ‌بەزەییانە سزای ئەم تاقمە بدات؛ با بزانن کە پارەی نەیاران و چەپڵەی کاتی میراتگرانی بەعس لە بەغدا، ناتوانێت ئەو پەڵە ڕەشە بشواتەوە کە بە نێوچەوانی خۆیان و نەوەکانیانەوە دەلکێت.
کوردستان تەنیا جێگەی کوردی مەرد و بەشەڕەفە، نەک جێگەی ئەوانەی لەژێر ناوی ئۆپۆزسیۆنی مافە نەتەوەییەکاندا، دەستی بکوژانی ئەنفال و کیمیابارانیان گرتووە. با خۆفرۆشان بزانن کە لە مێژوودا هەرگیز جاشێک نەبووەتە پاڵەوان؛ ئەوان تەنیا وەک ئامرازی شەرمەزاری لە زبڵدانی مێژوودا بە ڕیسوایی دەمێننەوە.

حسیبە سعید گەردی
١١ـی نیسانی ٢٠٢٦