کوردستان، بەخەونیش نابێتە شیماڵى عێراق
رێبوار حەمەلاو شوانى
نەک هەر خاک و گەلى کورد ، دوور لە ویست و بە بێ ئاگایی خۆى بە دەوڵەتێکى دەستکرد وساختەى بەناوى عێراقدا لکێنرا ، لە دواى ئەو پرۆسە ستەمکارانەیەش ، حکوومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق هەر لە سەردەمى پاشایەتییەوە تا کۆمارى وبەعسییەکان و شیوعییەکان و بە ئێستاشەوە بە هەموو توانایەکى سەربازى و سیاسى و هەواڵگرى و جاش و داراییەوە هەوڵیاندا ئیرادەى گەلى کورد بشکێنن و لە نێو خۆیاندا بیتونێنەوە و هەتا ئاسەوارى نەتەوەیی و نیشتیمانیشى پێوە نەهێڵن ، بەڵام لە هەر قۆناغێکدا کە هەوڵى لەناوبردنى کوردوکوردستانیان دەدا ، بەهێزتر لە جاران لە خەبات و بەرخودان بەردەوام دەبووە
لەماوەى سەد ساڵى رابردوو و شۆڕش و راپەرینەکانى گەلى کورد و ئینجا شۆڕشى مەزنى ئەیلوول ، بە رابەرایەتى باوکى رۆحى مستەفا بارزانى جۆرها سیناریۆ و چەکى کۆمەڵکوژ و وێرانکارییان بەرامبەر بە گەلى کورد بەکارهێنا ، هەر ئەوەش بوو شۆڕشى ئەیلوول خەونى ناحەزانى لە گۆڕنا ، لەگەڵ ئەوەشدا هەر رژێمێک بە مەرجى دژایەتیکردن و لەناوبردنى کورد وکوردستان هەنگاویی دەنا ئەوا دواى ماوەیەکى کورت ئاسەواریشى نەدەما ، مێژوویی تاوانکارى ڕژێمەکانى عێراق پڕە لە رووداو و کارەساتى دژە مرۆڤایەتى بەرامبەر بە کوردستان ، هەموو خەونى نەیارانى کوردیش بۆ ئەو راستییە بوو ئیرادەى نەتەوەیەک و باوەرى کوردبوون و کوردایەتیی لە نێو ناخ و مێشکیان بسڕنەوە ، جوگرافیا و نەتەوەیەک کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندى بە عەرەبەوە نەبوو ڕیشەکێش بکرێت ، بەڵام گەلى کورد بە خوێن و گیانى و ئیرادەیەکى پۆڵایین کۆڵى نەدا و خۆى نەچەماندنەوە و ئەمڕۆیی قەوارەی کوردستان و حکوومڕانى گەلى کوردى لێ هاتە بەرهەم
ئەم سیاسەتە نکۆلیکردنە لە کوردوکوردستان وهەوڵدان بۆ تواندنەوەى کورد لە ناو گەل و نەتەوەکانى دیکەى ناوچەکە ، تەنها پەیوەست نەبوو بە باشوورى کوردستانەوە ، بەڵکو لەماوەى رابردوو و بە ئێستاشەوە ، داگیرکەران ستەمکارانە هەوڵى ئەوەیانداوە پرسێک بەناوى دۆزى کورد کە بە زۆردارى بە دەوڵەتەکانیانەوە لکێنراوە هەر بوونى نەمێنێت ، بەڵام لەو هەوڵانەشدا داگیرکەران سەرکەوتوو نەبوون ، لەماوەى چەند ساڵى رابردووى حکوومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق هەر لە دواى 2003 وە ، بە خێرایی لە بەڵێن و ڕێککەوتننامەکانیان پاشگەز بوونەوە ، هەر کام لەو حکوومەتانە جۆرێک پیلان و سیناریۆییان بۆ لێدانى قەوارەى هەرێمى کوردستان و شکاندنى ئیرادەى کوردستان چ خۆیان ڕاستەوخۆ و چ بەڕێگەى لایەن و کەسانێکەوە ئەنجام دەدا ، رۆژێک بەکارهێنانى هێز و ڕۆژێکى دیکە بەکارهێنانى چەک ئابوورى و دارایی و سیاسى و دادگا و وزە و بڕینى قووت و مووچەى خەڵکى کوردستان ، ئەوەش درێژە پێدەرى زێهنیەتى ڕژێمە یەک لەدواى یەکەکانى بەغدا بوو بۆ ئەوەى کوردوکوردستان لە باوەر بە دۆزە رەواکەیان وپارێزگاریکردن لە ناسنامەى نەتەوەیی و نیشتیمانییان لاواز و سارد بکەنەوە ، بۆیە هەموو پابەندییە دەستوورییەکان و هاوبەشى و ڕێککەوتننامەکانیان پێشێڵکرد ، هەروەها مێژوویی رابردوویی خۆیان و عێراقیشیان بەخێرایی لەبیرکرد ، پرسیاریان نەکرد ئەوانەى خەونى لەناوبردنى کوردستانیان دەبینى و هەمیشە لە جیاتى کوردستان دەیانگووت شیمالى عێراق بۆ کوێ چوون ، ئاسەواریشیان نەما بەڵام گەلى کورد هەرمان
هەموو ئەوانەى لە رابردوو بە چەک و جۆرها سیناریۆ پەڵامارى کوردستانیان دا ، نەک هەر ئاسەواریان نەما بەڵکو چوونە نێو زبڵدانى مێژووە ، ئینجا نەک هەر ئەوانیش بەڵکو هەموو ئەوانەى دهۆڵیان بۆ نەیارانى ئەم گەل و قەوارە دەکووتى ، لەگەڵ ناحەزانى کورد چوونە نێو زبڵدانى مێژووە؛ بۆیە دەبێ دەسەڵاتدارانى عێراق و هەموو بیر فاشیزمەکان بۆ مێژوو بگەڕێنەوە و وانەیەک لە رابردوو وەربگڕن ، بزانن کە ڕێزگرتن لە کوردوکوردستان تەنها بە لێدوانى سیاسىى و بێ کردار نابێ ؛ بەڵکو پابەندبوون بە دەستوورى هەمیشەیی عێراق و مێژوو و ڕەسەنایەتى گەلى کورد .چونکە ئیتر ئەو سەردەمە بەسەر چووە نکۆلى لە بوونى کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک جوگرافیا بکرێت ، بۆیە ئەوانەى مێژوو ناخوێنەوە و هەمان ئەو کەسانەنن هەڵەى رابردوو دووبارە دەکەنەوە و ئاسنى سارد دەکووتن بە بێ ئەوەى پەند ووانە لە رابردوویی شکستخواردوویان وەربگرن؛ ئەوەش راستییەکى حاشاهەڵنەگرە کوردستان سەد ساڵى دیکەش نابێتە شیماڵى عێراق









