بزوتنەوەی گۆڕان پێشوازی لە بڕیاری بەستنی کۆنفرانس لە کەرکوک دەکات و پەیامێک بۆ کاری پێکەوەیی لەناوخۆدا بڵاودەکاتەوە..
بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت؛ لە کاتێکی ھەستیار و چارەنوسسازدا، کە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوبەڕووی بووەتەوە و ھەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی خرۆشاوە، فەرمانگەی کاروباری پارتە سیاسییەکان، پشت بەست بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕۆژی دوشەممە (١٦ی شوباتی ٢٠٢٦)ی وەک وادەی بەستنی کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری کەرکوک دیاریکردوە، ئێمە پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین و بە دەرفەتێکی دەزانین بۆ کۆتاییھێنان بە کێشە یاسایی و ڕێکخراوەییەکان و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە خەباتی سیاسی و مەدەنی لەلایەک و، داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نیشتمانیی ھاوچەرخ کە لەگەڵ خواست و ویستی ھاونیشتمانیاندا یەکانگیر بێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕاندا ھاتووە: ھەڵبژاردنی شاری کەرکوک، وەک شوێنگە و ڕەمزێکی نەتەوەیی؛ ڕەھەندێکی نەتەوەیی و یەکگرتویی قوڵی ھەیە. کەرکوک ھەمیشە سیمبولی پێکەوەژیان و ئیرادەی کوردستانی بوە، لەوێوە، پەیامی یەکگرتویی و کاری ھاوبەشمان بۆ ناوخۆمان و لەناوخۆشمانەوە ئاڕاستەی سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکان و گەلی کوردستان دەکەین.
ھاوکات بزوتنەوەی گۆڕان بانگەوازێک ئاڕاستەی سەرجەم گۆڕانخوازان و دڵسۆزان و ئەو کەسانە دەکات کە باوەڕیان بە گۆڕانکاری و چاکسازی ڕیشەیی ھەیە، بۆ ئەوەی پشتیوانمان بن لەم ھەوڵەدا دەڵێت: ئێستا کاتی ئەوەیە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێین و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەماندا، یەکگرتوانە کار بکەین.
راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە.
ھاونیشتمانیانی خۆشەویست..
ھەڵسوڕاو و پشتیوانانی بزوتنەوەی گۆڕان..
ئەندامانی دەستەی گشتی کۆنفرانس..
لە کاتێکی ھەستیار و چارەنوسسازدا، کە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوبەڕووی بووەتەوە و ھەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی خرۆشاوە، فەرمانگەی کاروباری پارتە سیاسییەکان، پشت بەست بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕۆژی دوشەممە (١٦ی شوباتی ٢٠٢٦)ی وەک وادەی بەستنی کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری کەرکوک دیاریکردوە.
ئێمە لەکاتێکدا پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین، بە دەرفەتێکی دەزانین بۆ کۆتاییھێنان بە کێشە یاسایی و ڕێکخراوەییەکان و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە خەباتی سیاسی و مەدەنی لەلایەک و، داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نیشتمانیی ھاوچەرخ کە لەگەڵ خواست و ویستی ھاونیشتمانیاندا یەکانگیر بێت.
ھەڵبژاردنی شاری کەرکوک، وەک شوێنگە و ڕەمزێکی نەتەوەیی؛ ڕەھەندێکی نەتەوەیی و یەکگرتویی قوڵی ھەیە. کەرکوک ھەمیشە سیمبولی پێکەوەژیان و ئیرادەی کوردستانی بوە، لەوێوە، پەیامی یەکگرتویی و کاری ھاوبەشمان بۆ ناوخۆمان و لەناوخۆشمانەوە ئاڕاستەی سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکان و گەلی کوردستان دەکەین.
لێرەوە، بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاڕاستەی سەرجەم گۆڕانخوازان، دڵسۆزان و ئەو کەسانە دەکەین، کە باوەڕیان بە گۆڕانکاری و چاکسازی ڕیشەیی ھەیە، بۆ ئەوەی پشتیوانمان بن لەم ھەوڵەدا. ئێستا کاتی ئەوەیە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێین و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەماندا، یەکگرتوانە کار بکەین.
لەم سۆنگەیەوە، داوا لە ھەمو ئەندامانی دەستەی گشتی دەکەین، کە مافی یاسایی بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسەکەدا ھەیە، بە ڕۆحێکی نیشتمانی و ھەست بە بەرپرسیارێتییەوە ئامادەبن و بەشدارییەکی کارا بکەن لە داڕشتنەوەی داھاتوی بزوتنەوەکەمان.
ئامانجمان ئەوەیە پێکەوە، بزوتنەوەکەمان بخەینەوە سەر سکەی ڕاستەقینەی خۆی و بیکەینەوە بە ھێزێکی کاریگەر و ئەرکدار لە گۆڕەپانی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و عێراقدا، لەو پێناوەدا دەستی ھاوکاری و کاری پێکەوەیی بۆ ھەموان، لەناوخۆ و دەرەوە، درێژ دەکەین، کە باوەڕیان بە دیموکراسی، دادپەروەری و سەروەری یاسا لە کایەی گشتی ھەیە.
لە کۆتایدا، بە بیر ھەمو لایەکی دەھێنینەوە، گەلەکەمان لەبەردەم گەردەلولێکی سیاسیی ناوچەیی و ناوخۆییدایە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، پێویستمان بە خۆڕێکخستنەوە، خۆئامادەکردن و یەکبونە، با ھەمومان پێکەوە، لە کۆنفرانسی کەرکوکدا، بناغەی قۆناغێکی نوێی سیاسی دابڕێژین، کە تێیدا ئومێد و متمانە بۆ کایەی سیاسیی و ڕێکخراوەیی بگەڕێنینەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان
٢ی شوباتی ٢٠٢٦









