128پارێزگاریکردن لە شوناس و زمان و کەلتوور و بەرگریکردن لەکوردوکوردستان
رێبوار حەمەلاو شوانى
لە ئەمڕۆى سەردەمى پێشکەوتنى جیهان و سۆشیاڵ میدیا ، بوونى رۆژنامەیەک کە ڕاستگۆیانە و کوردپەوەروانە و نیشتیمانپەوەرانە ، زانیارییەکان و رووداو و پێشهاتەکان بە دروست شڕۆڤە و بڵاو دەکاتەوە ، دوور لە چەواشەکارى و بەکرێگیراوى نەک لە پێناو لایەک و کۆمێنێت ، بەڵکو ڕێزگرتن لە کاروپیشەکەى و نەک ناوزراندن و سووکایەتى کردن بە پیرۆزەکانى گەل و نیشتیمان ، بەڵکو لە پێناو یەکرێزى و تەبایی نەتەوە و نیشتیمانەکەى و ئینجا بەرزکردنەوەى ئاستى ڕۆشنبیرى و ئەوە ڕێگەیەکى دروستە بۆ پێناسەکردنى دۆزى رەواى گەلەکەت و ئەو خەبات و قوربانیدانەى کە زیاتر لە یەک سەدەیە لە پێناو مافەرەواکانمان دەبەخشین ، بۆیە گرنگە رۆژنامەوانان و رۆشنبیران و سیاسییەکان زۆر کوردانە و بوێرانە و بە ویژدانەوە خزمەتکارى دۆزى رەواى گەلەکەیان بن نەک لە پێناو بەرژوەندى کەسى و حزبى ، پردێک بن بۆ ئەوەى پارێزگاریکردن لە زمان و شوناس و بەهێزکردنى رۆشبینرى کوردى نەک لە پێناو دژایەتیکردنى دۆزى رەواى گەلەمان
لە 128هەمین ساڵیادى دەرچواندنی رۆژنامەی كوردستان وەك یەكەمین نۆبەرە رۆژنامەی كوردستانیی ، وەك پەیامی گهلێكی ستهملێكراو و خاك و نهتهوه دابهشكراو و ئاوارەیی كوردان، لە رۆژی 22ی نیسانی 1898دا یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی كوردستان لە قاهیرەی پایتەختی میسری عارەبی و لەلایەن گەورە رۆژنامەنووسی ناوداری كورد میقداد مەدحەت نەمرەوە دەرچوێندرا، هاوكات، رۆژنامەی كوردستان لە كات و سەردەمێكدا دەرچوو، كە پێی دەگوترا سەردەمی وریابوونەوەی نەتەوەكانی ژێر دەسەڵات و ئیمپراتۆری دەوڵەتەنەخۆشەكەی عوسمانی، هەڵبەتا زوڵم وزۆری، دەسەڵاتی عوسمانییهكاتن وای لە بارودۆخەكە كردبوو، كە هەستی خەڵكێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی بكوژێت، بۆیە دەرچواندنی رۆژنامەیەكی سەربەخۆی كوردی وەك رۆژنامەی كوردستان لە قاهیرەی غوربەتدا، مەغزاو دەلالەتی سیاسی و ئەدەبی و فەرهەنگی خۆی هەیەو هەبووە…
لە22ی نیسانی هەموو ساڵێكدا ڕۆژنامەنووسان و قەڵەم بەدەستان بەشكۆدارییەوە جەژنی ڕۆژنامەگەری و وشەی ڕەسەنی كوردی پیرۆز دەكەن ، چونكە لەوڕۆژەدا و 127ساڵ بەر لەئەمڕۆ لەساڵی 1898 ی زاینی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی بەناوی (كوردستان) ، لەقاهیرەی پایتەختی میسردا چاوەكانی هەڵهێناو لەدایكبوو ، ئیدی كاروانی ڕۆژنامەگەری كوردی و وشەی ڕەسەنی كوردی لەو ڕۆژەوە دەستی پێكردووە و بەگەلێ قۆناغی جیاجیادا تێپەڕیوە ، تابەقۆناغی زێڕین و گەشی ئەمڕۆدا گەیشتووە .
ئەو ئازادییەكەی كە لە هەرێمی كوردستان هاتۆتە ئاراوە بەرهەمی خوێن هەزاران شەهیدی ئەو نیشتیمانەیە كە بە درێژایی مێژوو تۆماریان كردووە، بۆیە ناكرێت لە ژێر پەردەی ئازادییەوە هەموو باشەكان نادیدە بگیرێت و كەشو هەوایەكی بێ ئومێدی و كەش و هەوایەكی نابەرپرسانە لە نێو خەڵكدا لە هەمبەر خاك و نیشتمان لە لایەن هەندێك میدیاوە بە سوودوەرگرتن لەو كەشو هەوا ئازادییە بخوڵقێنرێت ،ئەركی میدیا لە راستیدا جگە لە پیشەكەی ئەركێكی ئەخلاقی نەتەوەیی و نیشتیمانپەوەرییە و باسكردنی مێژوویی رابردوویی پرشانازیی كورد وكوردستانە .
هێشتا بەرجەستەی رۆڵی میدیا و رۆژنامەگەریمان وەك خۆی نەكردووە، چونكە مەهامی كاری رۆژنامەوانی زۆر لەوە گەورەترە كە لە كوردستاندا پیادە ئەكرێ، چونكە میدیا و رۆژنامەگەری تەنها ئەركی گەیاندنی هەواڵ و زانیاری نییە، بەڵكو هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان و یارمەتیدانییانە و دەبێت ئاراستە بكرێت كە ئەوانیش بەشیكن لەچارەسەری گرفتەكانی كۆمەڵگە و بەشداربن لەژیانی سیاسی و ئابووری و مەدەنیدا . دەبێت بگەینە دواقۆناغە گرنگ و پێویستیەكانی رۆژنامەگەری لەكوردستان بەوەی هاوڵاتیانی خۆی بینەر و بیسەر یان خوێنەری تەنها پەیوەست نەكات بەوەی كە ئاخۆ ڕۆژانە كامە هەواڵی نویێان پێدەگات، بەڵكو دەبێت هۆكارێك بێت بۆ ئاراستەكردنیان بە بیركردنەوەی قوڵتر و هۆشیاركردنەوە و ڕۆشنبیركردنیان، بەتایبەت لەسەر ئەو پرسانەی كاریگەریان لەسەرژیانی هاوڵاتیان هەیە بەرەو زیاتر مەدەنیەت بوون و مەیسەركردنی مافەكانی تاك وەك خۆی.ئەركی ئێستای هەر تاكێكی رۆژنامە نووس و میدیاكاری دڵسۆز و نیشیمانپەروەر بە هەموو میدیاكانی حزبی و ئەهڵی ، بینراو بیسراو و كاغەزی ئەوەیە كە بەرپرسیاریەتی ئەو رەوشەی ئێستامان بە تایبەت پرسی مافی چارەی خۆنووسین بكەنە ئەوڵەوییەت لە پێش گشت بەرژوەندییەكانی تر و روحیەتی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری بكەن و ئەرك و كاری سەرەكییان و كار بۆ یەكریزی و تەبایی بكەن.
بەتایبەتى قۆناغى ئێستاى خەبات نەتەوەکەمان لە دۆخێکى هەستیار و چارەنووسسازدایە ، بە هۆى ئەو گۆرانکارى و پێشهاتانەى کە لە ناوچەکە دا گوزەر دەکەن و ئاماژەن بە گۆڕینى نەخشەى سیاسى رۆژ هەڵاتى ناوەڕاست و هێز ، لەلایەک یەکریز نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەى کوردستان بە کلیلى سەرکەوتنى بەدەستهێنانى ئامانجە لەمێژینەکان هەژمار دەکرێت ، هەمدیسان لە هەرێمى کوردستانیش گرنگە دەزگەکانى میدیایی کوردى و گشت هێز و لایەنە سیاسییەکان بەو پەرى بەرپرسیاریەتییەوە پشتیوانى هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکوومەتى کوردستان بکرێت و ئاراستە کارى میدیایی و رۆژنامەگەرى بەرەو هەستێکى کوردپەوەرانە و نیشتیمانپەوەرانە بێت لە پێناو هێنانەدى ئەو ئامانجەى کە خۆشەویستى بۆ نەتەوە و نیشتیمان و مافەرەواکانێتى کە دەریاییەک خوێنى لە پێناو بەخشیووە .









