واحەی ئارامی لەبەردەم باهۆزە هەرێمییەکاندا، چۆن ڕاگەیاندن ڕۆڵی کوردستان دووبارە دادەڕێژێتەوە؟
هەرێمی کوردستان چیتر تەنها جوگرافیایەک نییە کە بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕوانی دەرەنجامەکانی ململانێی گەرمی هەرێمایەتی نێوان تاران و تەلئەبیب بکات، بەڵکو ئەمڕۆ لەبەردەم ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوەدایە کە پێویستی بەوەیە دەزگا میدیا و سیاسییەکانی کوردستان لە پێگەی بەرگری و چاوەڕوانییەوە بگوازرێنەوە بۆ پێگەی دەستپێشخەری و دروستکردنی ڕووداوەکان.
کاتێک ئاسمانی ناوچەکە دەشێوێت و فڕۆکەخانەکان بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێن، نابێت گوتاری ڕاگەیاندنی ئێمە تەنها لە گواستنەوەی هەواڵەکان وەک قوربانییەک کورت بێتەوە، بەڵکو دەبێت بە دەنگی بەرز ئەو ڕاستییە ستراتیژییانە بڵێتەوە کە لە قووڵایی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمدان. -دەماری جێگرەوەی وزە: لەو کاتەی کە زمانی شەڕ هەڕەشە لە ڕێڕەوە ئاوییەکانی کەنداوی عەرەبی دەکات، دەبێت ڕاگەیاندن، کوردستان وەک دەروازەیەکی ئارامیی ستراتیژی پیشانی جیهان بدات. دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی کوردستان-جیهان تەنها داواکارییەکی ئابووریی هەولێر نییە، بەڵکو تانکی ڕزگارکەرە بۆ بودجەی فیدراڵیی عێراق و بەردی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیریی بازاڕەکانی وزەی جیهان لە تاریکترین بارودۆخدا.
-شایستەیی ئاسایش و بەرگری: بەرکەوتنی هەرێم بە لێکەوتەکانی ئەم ململانێیە، ڕەوایەتییەکی نێودەوڵەتی دەداتە گوتاری ڕاگەیاندنی و دیپلۆماسییەکەی بۆ داواکردنی سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی. پەیامەکە لێرەدا ڕوونە، پاراستنی ئاسمانی کوردستان و فڕۆکەخانە و دامەزراوەکانی، پاراستنی ئەو وەبەرهێنان و کۆمپانیا جیهانییانەیە کە متمانەیان بەم هەرێمە کردووە.
-سفرکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغدا: مەترسییە هاوبەشەکان واقیعێکی نوێ دەسەپێنن کە لە ململانێ سیاسییە تەسکەکان تێدەپەڕێت. ڕاگەیاندنی ژیر ئەو کاتەیە دەقۆزێتەوە بۆ فشارخستنە سەر دروستبوونی یەکگرتووییەکی ڕاستەقینە لە نێوان هەولێر و بەغدا، چونکە سەقامگیریی دارایی هەرێم، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی، و یەکلاکردنەوەی دۆسیەی گرێبەستە نەوتییەکان، تاکە گەرەنتییە بۆ قایمکردنی بەرەی ناوخۆیی عێراق لەبەردەم هەر باهۆزێکی دەرەکیدا.
بۆیە لە نێوەندی ناوچەیەکی گڕگرتوودا، هەرێمی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەسەلمێنێت کە واحەیەکی ژیری و دوورەپەرێزییە لە کێشەکان، و سەرنجی لەسەر بازدانی کشتوکاڵی، پڕۆژەکانی وزەی بەردەوام، و بونیادنانی مرۆڤە.
لێرەدا ئەرکی ڕاگەیاندنی ئەمڕۆ دەردەکەوێت ئەویش ئەوەیە، کە پایتەختەکانی بڕیار لە بەغدا و جیهان بەبیربهێنێتەوە، کوردستان تەنها گۆڕەپانێک نییە کە کاریگەر بێت بە ململانێکان، بەڵکو بەردی بنەڕەتییە کە ئەگەر بپارێزرێت و وەبەرهێنان لە سەقامگیریەکەیدا بکرێت، ئاسایشی تەواوی ناوچەکە دەپارێزرێت.
پ . د،ئاریانا ئیبراهیم









