ڕۆژنامەگەریی کوردی؛ لە مەرەکەبی “کوردستان”ەوە بۆ تەحەددییەکانی ژیریی دەستکرد
لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨دا، کاتێک میقداد میدحەت بەدرخان لە قاهیرە یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی “کوردستان”ی بڵاوکردەوە، بەڵکو هاواری “کوردان ڕاپەڕن و زانست فێربن”ی وەک دروشمێکی هەمیشەیی بەرزکردەوە. ئەو مەرەکەبەی ڕۆژنامەی کوردستان پێی نووسرا، بووە هەوێنی لەدایکبوونی سەدان دەزگای ڕاگەیاندن کە ئەرکی گەورەی هۆشیارکردنەوەی نەتەوەیەکیان لە ئەستۆ گرت.
بۆ گەلی کوردستان ڕۆژنامەگەری، پردێکە بۆ گەیاندنی دەنگی نەتەوەیەک بە ناوخۆ و جیهانی دەرەوە. مالکۆم ئێکس، دەڵێت: “ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بەهێزترین قەوارەن لەسەر زەوی؛ توانایەکی بێسنووریان هەیە لە نیشاندانی کاری خراپ وەک باش و کاری باش وەک خراپ، چونکە یاریی بە هۆشی جەماوەر دەکەن.” ئەم وتەیە دەبێت ببێتە وانەیەک بۆ میدیای کوردی؛ چونکە بەرپرسیارێتیی میدیا لە هەرێمی کوردستاندا لە هەموو کات زیاترە. هەرێنی کوردستان وەک قەوارەیەک کە هێشتا لەژێر هەڕەشەی جۆراوجۆردایە، پێویستمان بە میدیای “بەرپرس” هەیە کە نەتەوەییانە مامەڵە بکات و لە ڕێڕەوی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل دەرنەچێت.
هەرچەندە لە هەرێمی کوردستاندا پانتاییەکی فراوانی ئازادیی میدیایی هەیە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم ئازادییە لە خزمەت نیشتماندایە؟ میدیای کوردی لە ئێستادا پێویستی بە پێداچوونەوەی ورد هەیە لەسەر بنەمای “ئیتیکی ڕۆژنامەوانی”. ناکرێت میدیا لەژێر ناوی ئازادیی ڕەهادا، ببێتە هۆکاری بڵاوکردنەوەی بێ ئومێدی و پەرتەوازەیی. ئەرکی پیرۆزی ڕۆژنامەگەری ئەوەیە کە کولتووری پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن و لێبووردەیی بچەسپێنێت. میدیا دەبێت گیانی نیشتمانپەروەری لە دەروونی نەوەکاندا ببوژێنێتەوە، نەک وەک هەواڵنێری نەیار و داگیرکەران مامەڵە بکات.
لە سەردەمی ئەمڕۆدا، کە جیهان بەرەو “ژیریی دەستکرد” و تەکنەلۆژیای خێرا هەنگاو دەنێت، ڕۆژنامەگەریی کوردی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێدایە. ژیریی دەستکرد دەتوانێت خزمەتێکی گەورە بە گەیاندنی ڕاستییەکان بکات، بەڵام دەبێت وریای چەواشەکارییە دیجیتاڵییەکانیش بین. میدیاکارانی ئێمە دەبێت لەگەڵ دونیای نوێدا خۆیان بگونجێنن، بەڵام بە مەرجێک ڕەسەنایەتی و “گوتاری نیشتمانی” نەکەنە قوربانیی خێرایی و لایک و بینەر.
لە کۆتاییدا، ڕۆژنامەگەری و میدیا بە گشتی وەک “دەسەڵاتی چوارەم” دەبێت نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی هاووڵاتیان بکات و چاودێرێکی بەهێز بێت بەسەر دەسەڵاتەوە. جۆزێف پۆلیتزەر دەڵێت: “ڕۆژنامەگەریی ئازاد و پاک، تەنیا ئەو کاتە دەتوانێت نەتەوەیەک ڕزگار بکات کە ڕاستگۆیی بکاتە پێوەری کارەکانی.” با یادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی میدیاکانمان لە قاڵبی ململانێی ناتەندروست دەربچن و ببنە سەکۆیەک بۆ بەرهەمهێنانی نەوەیەکی هۆشیار، کە پارێزەری خاک و زمان و بەها بەرزەکانی نیشتمان بێت. میدیایەک کە نیشتمانی خۆش بوێت، قەت لە خزمەت ئەجێندای بیگانەدا قەڵەم نانووسێت.









