سبەی دیسانەوە ١٦ ی ٣ یە
ساتێك بەدەم گریانی ئاوا بوون
گرێی ئەم ئازارە چۆن بكەمەوە.؟ ئەستەمە مرۆڤ بێ سڵەمینەوە و تەوسێكی نوچ هێن ، دەست بۆ بوخچەی ئازارەكانی تەمەنی بەرێ . هەڵەبجە و بارزان و گۆپتەپە و بالیسان بۆ من هەم ئازارە و هەم تەمەن لە مانا تراژیكەكەیدام . چۆن بتوانم و بۆ هەڵدانەوەی كام یاد کام كارەسات کام مێژووی، ئەم چیرۆكە تراژیكە بە دیار سێبەرەكانی زەمەن و لە بەرژەوەندی دییەی شارەوە بخوێنمەوە. كاتێ شەپۆلی كارەسات لە خاکی خۆم دایبڕیم . چرۆی ئاوەز و درەختی ڕۆژگارم ، هێندە كراوە و هەڵكشاو نەبوون، ئاراستەی ڕووداو و ئامانجی دیاردەكان بخوێنمەوە. تامی خاوی تەمەنێكی تەماوی . هەندێك یادەوەری مێژوو بەزێنی كاڵ، دەیان بەستمەوە بە خاکی نیشتمان . بەشێوەیەكی سەیر ئەمانە هەموو تامی دایكمی دەدا. ئەوانەی ئەژنۆیان زریانی خەمی خاک و نەتەوەکەیان نەیلەرزاندبێ ، نازانن كۆستی زێد كەوتن و گەڕیدەی دیاری دوور و نامۆ چیە. نامەوێت خوێندنەوەیەکی تیۆری بۆکارەساتەکانی بەهاری نەتەوەکەم بکەم . یا بەزمانی ئامار خەسار و ڕادەی زیانی مرۆیی و مادی کیمیاباران و بۆردوومانەکانی بکەم. بەنیازی ڕەچەلەکناسی بەعس نیم و هیچ میتۆدیکیش بۆ شرۆڤەی وەرزی مرۆڤ قڕانی بەکار نایەنم .تەنیا مەبەستمە لەو دیو دیوارەکانی هزرەوە بەئامرازبووی ئێستاوە و لە گوڵدانی دڵەوە . دەم دەمەی بەهارێکی زووهاتوو بووم . بۆیە نیشتمانەکەم سەرقاڵی لەبەرکردنی کراسی قەیفەی سەوز چنی بەهار بوو . وێنەکەم باوەشی کردبوو بە قارەمانیەتی بۆ ئەم نیشتمانە کێبڕکێی لەگەڵ مەرگدا دەکرد لەپێناو ڕزگاری بۆ نەتەوەکەم . بێ ڕەنگ بوو وێنەکەم بەڵام لەناوەڕۆکدا ڕەنگاڵەبوو لەگەڵ وێنەی بەهاری . نیشتمانێ كە لانكەی شۆڕش و پێشمەرگە وخەبات بوو . بێ درێژەدان کە زۆر لە ئێمە دەزانین چی ڕوویدا و چەند مرۆڤ تێیدا بەئاسانی لەناوچوون . هەرگیز و هەرگیز بیرم ناچێتەوە .
دەی ئەمڕۆش دیسانەوە بەهارە لە جیاتی خۆشی و شادی خەمێکی گەورە و و شەڕی نەگریسی نەیار و دوژمنانی کورد و بڕینی قووتی هاوڵاتیانی بێ تاوان تەنها تاوانیان کورد بوونە و لەلایەکیتر ئەمڕۆ بە مووشەک بارانی پایتەختی خاکە پیرۆزەکەم کە بێ شەرمانە دەڵێن ئێمە بووین ۰ دیسانەوە دەست لەباخەڵ و لەسەر دڵ نەك بۆ مانەوەی ژیانی خۆم بەڵکو بۆ نیشتمانەکەم ،
ئەمجارەیان دوژمن چەك بەدەست نییە تا بتوانم چەك هەڵگرم و لە پێناو نیشتمانەکەمدا بجەنگم بەڵکو تەنها دەتوانم بنووسم سیاسەت بکەم و بڵێم و بێ دەنگ نەبم .









