ناسنامە هەناسەی ژیانە


ستار ئەحمەد

​ناسنامە تەنها پێنوسێک یان ناوێکی تۆمارکراو نییە لەنێو پەڕاوە فەرمییەکاندا، بەڵکوو ئەو پەیوەندییە وێناییە و قووڵەیە کە تاک بە کۆمەڵگە و مێژووەوە دەبەستێتەوە و ڕێڕەوی ژیانی لەنێو گەردەلوولی گۆڕانکارییەکاندا دیاری دەکات. کاتێک باس لە ناسنامە دەکەین، لە ڕاستیدا باس لەو ڕیشە پتەوانە دەکەین کە مرۆڤ لە خاک و کولتووردا دەیچێنێت تا بتوانێت لەبەرانبەر باوبۆرانی توندی بێگانەبووندا خۆی ڕاگرێت. ئەم چەمکە فرە ڕەهەندە، ئاوێنەیەکە، تێیدا هەموو ئەو بەها و دابونەریت و بیروباوەڕانە دەدرەوشێنەوە کە نەوە دوای نەوە بۆمان ماوەتەوە. ناسنامە ئەو هێزە شاراوەیەیە مرۆڤ هان دەدات بۆ پاراستنی نیشتیمان و شکۆ، چونکە بێناسنامە مرۆڤ دەبێتە بوونەوەرێکی بێ سەروبەر، هیچ ئامانجێکی گەورە لە ژیانیدا شک نابات. لەم پێناوەدا، زمان وەک پایەی هەرە بەرز و قایمی ناسنامە دێتە ئەژمار، چونکە زمان تەنها ئامرازی ئاخاوتن نییە، بەڵکوو خەزێنەی بیرکردنەوە و فەلسەفەی نەتەوەیە و هەر جۆرە سستییەک لە پاراستنی زماندا، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی لێژبوونی پایەکانی ناسنامەی نەتەوەیی. مرۆڤی هۆشیار ئەو کەسەیە ، دەزانێت ناسنامەکەی وەک قەڵایەکی وایە کە دەبێت هەمیشە ئاوەدانی بکاتەوە و نەیەڵێت درزی تێبکەوێت، چونکە لەدەستدانی ناسنامە بەواتای فەوتانی مێژوو و نادیاربوونی داهاتوو دێت.
​خاک تەنها شوێنی نیشتەجێبوون نییە، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاوە لە هەوێنی ناسنامە. ئەو شاخ و داخ و دەشتانەی، مرۆڤی تێدا گەورە دەبێت، جۆرێک لە خۆڕاگری و بەخشندەیی بە ڕۆحی دەبەخشن کە لە هیچ شوێنێکی تری جیهاندا دەستناکەوێت. مرۆڤ کاتێک هەست بە بوونی خۆی دەکات بزانێت پێگەیەک هەیە پێی دەوترێت نیشتیمان، ئەو نیشتیمانەی ، یادەوەرییەکانمانی تێدا کۆبووەتەوە و بۆنی باوباپیرانی لێدێت. لێرەوەیە، ناسنامە دەبێتە چەکێکی دەروونی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەوڵێک کە بیەوێت شکۆی مرۆڤ بشکێنێت. ئەگەر خاک جەستە بێت، ئەوا ناسنامە ئەو گیانەیە، بەو جەستەیەدا دەگەڕێت و دەیکاتە بوونەوەرێکی خاوەن ویست. لەم ڕوانگەیەوە، هەموو هەوڵێکی داهێنەرانە، چ لە بواری ئاودان و کشتوکاڵدا بێت یان لە بواری تەلارسازی و ئاوەدانکردنەوەدا، لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ سەلماندنی ئەو ناسنامە نەتەوەییەی کە دەیەوێت بە جیهان بڵێت: ئێمە لێرەین و مێژوو بە دەستی خۆمان دەنووسینەوە.
​یەکێکی تر لە ڕەهەندە گرنگەکانی ناسنامە لە هونەر و ئەدەبیاتی هەر گەلێکدا بەرجەستە دەبێت؛ ئەو شێوازە تایبەتەی کە ئێمە پێی دەگرین، ئەو گۆرانی و داستانانەی کە پڕن لە واتای قووڵ، هەموویان پێکەوە تابلۆیەک دروست دەکەن، پێی دەوترێت ناسنامەی کولتووری. ئەگەر هونەر لە ناسنامە دابڕێت، دەبێتە لاساییکردنەوەیەکی بێ گیان، بەڵام کاتێک هونەرمەندێک یان نووسەرێک پەنا بۆ ڕەسەنایەتی خۆی دەبات، دەتوانێت کارێکی وا بخوڵقێنێت کە جیهانی تریش بە سەرسامییەوە لێی بڕوانن. هەروەها دابونەریتەکانمان، لە جەژن و بۆنەکاندا دەردەکەون، تەنها یادکردنەوە نین، بەڵکوو زیندووکردنەوەی ئەو بەهایانەن کە مرۆڤایەتییان لەم خاکەدا چەسپاندووە. ڕێزگرتن لە گەورە، پاراستنی سروشت، و ئەو میوان پەروەرییەی کە کوردی پێ دەناسرێتەوە، هەموویان بەشێکن لەو ناسنامەیەی کە دەبێت وەک هەناسەی ژیان بیپارێزین. ئەم بەهایانە لە سەردەمی ژیانی شارنشینی و تەکنەلۆژیادا زۆرتر پێویستیان بە چاودێری هەیە، چونکە ساردبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشە لە کڕۆکی ناسنامەکەمان دەکات.
​ناسنامە پەیمانێکی هەتا هەتاییە لە نێوان نەوەکاندا، زنجیرەیەکە، ناهێڵێت مێژوو بپچڕێت و ڕێگە دەگرێت لەوەی کە مرۆڤ لەنێو حەشاماتی ژیانی نوێدا ببێتە ژمارەیەکی بێ ناسین و بێ نیشانە. پاراستنی ئەم ناسنامەیە تەنها بە قسە نابێت، بەڵکوو پێویستی بە کارکردنی بەردەوامە لەسەر پەروەردە و ڕاهێنانی نەوەیەک کە بزانێت کێیە و لە کوێوە هاتووە و دەیەوێت بەرەو کوێ بڕوات. چونکە نەتەوەیەک کە ئامانجی ڕوونی نەبێت، بێگومان ناتوانێت ناسنامەی خۆی لەناو جیهانی پڕ لە کێبڕکێدا بپارێزێت. هەر بۆیە ئەرکی ڕۆشنبیران و نووسەران و هەموو تاکێکی دڵسۆزە، ئەم چرا چاوشکێنە بە گەشاوەیی بهێڵنەوە و ڕێگە نەدەن تەمومژی تێگەیشتنی چەوت و لاساییکردنەوەی کوێرانە دایبپۆشێت. ژیان بەبێ ناسنامە وەک جەستەیەکی بێ ڕۆح وایە، چونکە مرۆڤ تەنها بە نان و ئاو ناژی، بەڵکوو بەو واتایانەش دەژی کە لە دەوری نەتەوە و خاکەکەی کۆی دەکەنەوە.
​لەم پێناوەدا، پێویستە هۆشیارییەکی گشتگیر دروست ببێت، ناسنامە وەک پرۆژەیەکی داهاتوو ببینێت، نەک تەنها پاشماوەیەکی ڕابردوو. ئێمە کاتێک ناسنامەی خۆمان دەپارێزین، خەریکی بونیادنانی داهاتوویەکین کە تێیدا نەوەکانمان ناچار نەبن لەبەردەم کولتوورە بێگانەکاندا هەست بە کەمی بکەن. ناسنامەی بەهێز دەبێتە هۆی دروستبوونی متمانە بە خۆبوون، و ئەم متمانەیەش سەرچاوەی هەموو گەشەسەندنێکی ئابووری و ڕامیاری و کۆمەڵایەتییە. ئەگەر سەیری هەموو ئەو گەلانە بکەین، توانیویانە لە مێژوودا جێپەنجەی خۆیان بەجێ بهێڵن، دەبینین پێش هەموو شتێک جەختیان لەسەر پاراستنی تایبەتمەندییە ناوەکییەکانی خۆیان کردووەتەوە. ئێمەش وەک نەتەوەی کورد، کە خاوەنی یەکێک لە دەوڵەمەندترین کولتوورەکانی ناوچەکەین، بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لەسەر شانە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین ناسنامەکەمان لەنێو شەپۆلەکانی نوێگەرییەکی بێ ناوەڕۆکدا کاڵ ببێتەوە. دەبێت ناسنامە بکەین بە هەوێنی داهێنانەکانمان و ئەو هێزەش بێت ، کە لە کاتی تەنگانەدا یەکمان دەخات و لە کاتی ئاسایشدا بەرەو لوتکەمان دەبات.
لە کۆتاییدا، ناسنامە سروەی ئەو بایەیە ، ژیان بە نەتەوە دەبەخشێت و ئەو پێگەیەیە کە لەنێو کۆمەڵگەی مرۆیی جیهانیدا جێگەی بۆ دەکرێتەوە، هەر بۆیە پاراستنی ئەم هەناسەیە پاراستنی ژیان و داهاتووی هەمووانە.