وتەبێژی یەکێتی: کۆبوونەوەکەی ئەمرۆ ئەرێنی بووە

وتەبێژی یەکێتی: کۆبوونەوەی بارزانی و تاڵەبانی ئەرێنی بووە و دەنگۆی ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکان ڕەت دەکەینەوە

کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی فەرمی دەربارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بڵاوکردەوە و تێیدا ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی خستە ڕوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە (١١/٢/٢٠٢٦)، کۆبوونەوەیەک لە نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڕێوەچووە. وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەکە لە “کەشێکی زۆر ئارامدا” بووە و تێیدا پرسە ھەنووکەییەکانی ھەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کراون.

سەبارەت بەو ھەواڵانەی لە ھەندێک دەزگای میدیایی و سۆشیال میدیا دەربارەی ڕێککەوتنی ھەردوولا لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بڵاوکراونەتەوە، کاروان گەزنەیی ڕایگەیاند: “ئێمە بە فەرمی و سەرلەبەری ئەم دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە.”

وتەبێژی یەکێتی دووپاتی کردەوە، ھەرچەندە کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە، بەڵام ھەر ڕێککەوتنێک لە نێوان پارتی و یەکێتی ئەنجام بدرێت، بە شێوەیەکی فەرمی بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە و پێویستە ھاووڵاتیان تەنھا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.