د.شاخە وان عبدوڵڵا : پۆستی سەرۆک کۆمار تەنها کورسییەکی تەشریفاتی نییە!
خوێندنە وە یه ک بۆ دیمانەکەی (دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا) لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ کەناڵی (ئاڤا میدیا)……. لوقمان گە ڵاڵی…..
لەم ساتە هەستیارەی کە ناوچەکە و دۆزی کورد بە دەریایەک لە گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت، دیمانەکەی دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا تەنها لێدوانێکی سیاسی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو نەخشەڕێگەیەک و زەنگێکی بەئاگاهێنانەوە بوو بۆ پاراستنی کەرامەت و مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە بەغدا.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەو ناوەی کە لە ناو هۆڵی پەرلەماندا وەک (شێر) چنگی لە جەستەی ناحەزانی کورد دا و سەلماندی کە مافی ئەم گەلە بە بێدەنگی ناچەسپێت، جارێکی تر بە وردبینییەکی یاسایی و نەتەوەییەوە پەردەی لەسەر ڕاستییەکی مێژوویی لادا. ئەو بە ڕاشکاوی و بە دەنگێکی زوڵاڵەوە پێمان دەڵێت:
(پۆستی سەرۆک کۆمار تەنها کورسییەکی تەشریفاتی نییە!)
دکتۆر شاخەوان ڕاستییەکی پشتگوێخراوی خستە ڕوو : پۆستی سەرۆک کۆمار پۆستێکی یەکجار گەورەیە، بەڵام بەداخەوە لە دوای کۆچی دوایی (مام جەلال)ەوە ئەم پۆستە وەک پێویست کارا نەکراو کز کرا . ئەو وەبیری هێناینەوە کە بەپێی دەستوور، سەرۆک کۆمار تەنها چاودێر نییە، بەڵکوو سەرۆکی دەوڵەتە و تاکە دامەزراوەیە (مۆئەسەسە) کە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی هەرسێ دەسەڵاتەکەی (جێبەجێکردن تنفیزی، یاسادانان تشریعی و دادوەری قضائي) هەیە. دەتوانێت گەورەترین چاودێر بێت لەسەر هەر سەرپێچییەکی دەستووری کە لە وڵاتدا ڕوو بدات.
کاتێک ئەو باس لە ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی و ئەو کۆدەنگییە نەتەوەییە دەکات کە بۆ پاڵپشتی ڕۆژئاوا دروست بوو، پەیامێکی قووڵ ئاڕاستەی هەمووان دەکات: (کە کورد یەک دەنگ بێت، هیچ هێزێک ناتوانێت فەرامۆشی بکات) دکتۆر شاخەوان بەو حەماسەتە نەتەوەییەی لێی ڕاهاتووین، ڕوونی کردەوە کە پارتی (کوشتەی پۆست نییە)، بەڵکوو پارتی خەمخۆری ئەو (ئالیەتەیە) کە شکۆ بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بگەڕێنێتەوە ، ئەو شکۆیەی کە پارێزەری ڕاستەقینەی قەوارەی هەرێم و مافی پێکهاتەکان بێت.
وەک خوێندنەوەیەکی خۆم بۆ واقیعی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی یەکەم و خاوەنی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ، نەک هەر مافی شەرعی و یاسایی خۆیەتی کە ئەم پۆستەی بەدەستەوە بێت، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نەتەوەییشی لەسەر شانە. چیتر ڕێگا نادرێت مافەکانی کورد لە بەغدا ببنە قوربانیی بێدەنگی، سستی و لاوازیی سیاسی.
خولاسە ی کە لام :
مێژوو سەلماندوویەتی، کاتێک لایەنی زۆرینە و خاوەن پێگەی جەماوەری، لەبەر خاتری بەرژەوەندیی گشتی و یەکڕیزیی نەتەوەکەی، بەشێک لە مافە ڕەواکانی خۆی دەبەخشێتە لایەنی کەمینە، بەداخەوە زۆرینەی جار کەمینەکە وا تێدەگەن کە ئەمە (شایستەیی) خۆیانە، نەک (بەخشندەیی و پشوودرێژیی گەورەکان)! بەڵام لێرە بەدواوە، کاتی ئەوە هاتووە پۆستەکان بدەینەوە دەست خاوەن شایستە ڕاستەقینەکان و ئەو دەنگە بوێر و یاساییانە تا نیشتمان بە ئارامی و شکۆوە بگاتە کەنار.









