خانمێکی کورد لە ئەمریکا دکتۆرا لە دادوەریی تاوان بەدەستدەهێنێت

ئێڤان هاوار کاکەیی، ژنە پسپۆڕی کوردی نیشتەجێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرکەوتووانە بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستی دادوەریی تاوان و تاوانناسیدا بەدەستهێنا، دەستکەوتێک کە وێڕای بەهێزکردنی پێگەی کورد لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی ڕۆژئاوادا، هەنگاوێکە بۆ گواستنەوەی ئەزموونی یاسایی و ئەکادیمیی سەردەمیانە بەرەو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.

ئەم خانمە ئەکادیمییە کە پێشینەیەکی دەوڵەمەندی لە بواری چاودێریی مەرجداری سزادراواندا هەیە و لە هەمان کاتدا وەک مامۆستای زانکۆ لە ئەمریکا وانە دەڵێتەوە، توانیویەتی تیۆرییە زانستییەکان لەگەڵ ئەزموونی مەیدانیی ناو دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسادا ئاوێتە بکات، بە مەبەستی پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لە دادوەران و کارمەندانی دادوەری، بە بڕوای ئەو، گەیشتن بە کورسیی مامۆستایەتیی زانکۆ تەنیا سەرکەوتنێکی پیشەیی نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکە بۆ بەکردەییکردنی دادپەروەری لە ناو کۆمەڵگەدا تا لە چەمکێکی تیۆرییەوە ببێتە واقیعێکی دەستپێگەیشتوو بۆ هەموو تاکێک بەبێ جیاوازی.

ئێڤان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناسنامەی نەتەوەیی و ئەو سەختییانەی کورد لە مێژوودا ڕووبەڕووی بووەتەوە، فێری خۆڕاگری و ئیرادەی پتەویان کردووە، هەربۆیە ڕەگی کوردبوونی بزوێنەری سەرەکی بووە لە تێگەیشتنی بۆ بەهاکانی یەکسانی و شکۆی مرۆڤ.

لە پلانیدایە لە قۆناغی داهاتوودا ئەو پسپۆڕییەی لە خزمەتی کەرتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستاندا بەکاربهێنێت، ئەوەش لە ڕێگەی بەشداریکردن لە لیژنە تایبەتمەندەکان بۆ دامەزراندن و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندنی دادوەریی تاوان لە زانکۆکانی کوردستاندا، هاوکات پێیوایە سەرکەوتنی هەر کەسایەتییەکی کورد لە کایەکانی پەروەردە و فەرمانگە حوکمییەکانی ئەمریکادا، سەنگ و دەنگی نەتەوەکەی لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکاندا بەرزتر دەکاتەوە و دەیسەلمێنێت کە دەکرێت کورد لە وڵاتی دووەمدا هاووڵاتییەکی کاریگەر بێت بێ ئەوەی دەستبەرداری شوناسی خۆی ببێت.

مێژووی کۆچکردنی ئێڤان هاوار کاکەیی و خێزانەکەی بۆ ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵانی 1990، ئەو کاتەی بەهۆی ململانێ و نائارامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستانەوە زێدی خۆیان جێهێشت، ئەو بێبەشبوونە لە ئاسایش و سەقامگیری کە لە تەمەنی منداڵیدا لە کوردستان ئەزموونی کردبوو، بووە پاڵنەری سەرەکی تاوەکو لە ئەمریکا ڕوو لە بواری دادوەریی تاوان بکات و ژیانی ئەکادیمیی خۆی بۆ سەروەریی یاسا تەرخان بکات.