عـێـراق بەرەو تونێلێک بێ ئاسۆ


نەجمەدین محەمەد قەراجی


کە سەرنج لە لێدوان و بەیاننامەکانی ئەم رۆژانەی سەرکردە و بنکردە و فەرماندەکانی میلیشیاکانی دەدەین، ئەوسا باشتر لەو راستییە تێدەگەین کە ئەم عێراقە، بەرەو ئاسۆیەکی نادیار و پڕ لە گێژاو و وێرانی هەنگاو دەنێت.


وای دەبینم, ئەگەر حکوومەتی عەلی زەیدی بە دەستێکی کارا و بوێرانە لە رەوشەکە نەیەتە دەست و پلانی وردی بۆ رووبەڕووبوونەوە نەبێت و جێبەجێی نەکات، ساڵی داهاتوو عێراق ئیتر بەتەواوی میلیشیاکان بەڕێوەی دەبەن و خەڵکە بەدبەختەکەشی باجێکی قورس دەدەن، ئای ئەو عێراقە خێرلەخۆنەدیوە چــی بــەســـەر دێت لەکاتێکدا شوێنی لەسەر دەریایەکە پڕ لە خێرات و سامان، لێ خەڵک چی بکەن کە رووداوەکان بەو ئاراستەیە رۆیشتن کە ئەم وڵاتە هێدی هێدی کەوتە دەست میلیشیا. سەرکردە چاوچنوکەکان، عێراقیان بە بیست ساڵ گەڕاندەوە بۆ سەدەیەک پێشتر.


بۆچی ئـەم عێراقە بەم رۆژە گەیشت؟ بۆچی کەوتە ئەم دووڕیانە سەختەوە؟ لە لایەک میلیشیای عێراقیی ئەجیندا بیانی کۆسپ و تەگەرەیەکی زۆر دروست کردووە و ناهێلێت بڕیار و سەروەری و ئابوورییەکەی سەربەخۆ بن و ساتێک هەناسە بدەن، لەلایەک سەرکردەکانی راست و چەپ سەرچاوەی سامانەکەی دەدۆشن و تاڵانی دەکەن.
دەروازە سنوورییەکانی بەدەست میلیشیای قاچاخچیەوەن، کارگە و کەرتی پیشەسازی تەفروتوونا بووە، بازرگانییەکەی بەدەست کۆمەڵێ دزەوەیە، ملیۆنان دارخورمای وشک بوون و وا وردە وردە لە باشوورەوە خاکەکەی بەبیابان دەبێت، تورکیا خەریکە دیجلە و فراتیشیی لێ دەکاتە چەمێکی وشکەوەبوو، داتکانی بێکاری و هەژاری مەترسیدارن، ئێستا تاکە سەرچاوەی داهاتی عێراق نەوتە، نەوتیش جگە دزی و گەندەڵییەکەی ئەوە حاڵیەتی لە هورمز و باب ئەلمەندەب کە دەیبینن و دەیبیستن، دڵنیام هەمووشتان دەزانن دۆلاری داهاتی نەوتەک لەژێر کۆنترۆڵی ئەمەریکادایە و لەملاشەوە میلیشیاکان ئاڵای ئەمەریکا دەخەنە ژێر پێڵاوەکانیانەوە! جا بزانن عێراق بەرەو چ تونێلێک دەڕوات.