دوو لە سیاسەت: لە دیواری مەزنی چینەوە بۆ بونیادنانی ئینسانڕامانێک لە ئامۆژگارییەکانی سەرۆک بارزانی

لە دیواری مەزنی چینەوە بۆ بونیادنانی ئینسان
ڕامانێک لە ئامۆژگارییەکانی سەرۆک بارزانی

سەدان ساڵ لەمەوبەر، چینییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیان، دیواری مەزنی چینیان بونیاد نا و شوورەیەکی پتەو و بێوێنەیان کێشا ، لەو سەردەمەدا پێیان وابوو بە بوونی ئەم سەرحە ئەندازیارییە مەزنە، ئیتر هیچ دوژمنێک ناتوانێت زەفەریان پێ ببات و خاکیان داگیر بکات! بەڵام لە سەدەی یەکەمی دروستکردنی ئەو پەرژینە پۆڵایینەدا
سەرەڕای بوونی ئەم دیوارە قایمە، کەچی چین سێ جار ڕووبەڕووی داگیرکاری بووەوە و وڵاتەکەیان کەوتە دەست دوژمنان.

سەیریی بابەتەکە لەوەدا بوو ، دوژمنان نە پێویستیان بە سەرکەوتن بەسەر دیوارەکاندا هەبوو و نە هەوڵیشیان دا بیڕووخێنن، بەڵکو زۆر بەئاسانی بە پێدانی بەرتیل (ڕەشوە) بە پاسەوانانی دەروازەکان توانییان بپەڕنەوە و دەست بەسەر شارەکەدا بگرن.

کاتێک دەسەڵاتدارانی چین درکیان بەو بۆشاییە مەزنە کرد، پێداچوونەوەیان بە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتدا کرد ئەوە بوو ئەوان ڕاستییەکی بەئازاریان بۆ دەرکەوتبوو بەوەی کەوا ئەوان ڕاستە لە بونیادنانی دیواری بەردین و دروستکردنی شاکارێکی ئەندازیاریدا سەرکەوتوو بوون، بەڵام کاتێک لە بونیادنانی ئینسانی چینیدا شکستیان هێنابوو، بەهێزیی دیوارەکان نەیانتوانی ئاسایشی نیشتمانییان بپارێزێت. لەوەوە تێگەیشتن کە ڕێگەچارەی ڕاستەقینە،دەستپێکردنەوەیە لە بونیادنانەوەی ناخ و ویژدانی ئینساندا.

ئەم بەسەرهاتە مێژوویییە، لەم ئان و ساتەدا و لە کاتی پێشکەشکردنی وتە بەپێزەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی کادیراندا جۆرێک لە ئاماژە و وشیارکردنەوەی قووڵمان پێ دەبەخشێت بۆ تاکی کورد پەیامەکەی سەرۆک فرەڕەهەند بوو ، بانگەوازێک بوو بۆ ئاوڕدانەوەی جدی و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە بەرپرسان دەبێت پەیوەندی و کۆنتاکێکی بەهێزیان لەگەڵ جەماوەردا هەبێت، تا لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکدا ترس و دڵەڕاوکێ بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ نەبێت.

دوور لە سیاسەت و وەک نووسەرێک، وتارەکەی سەرۆک هێزێکی نوێی بە پێنووسم بەخشی تا ئەم چەند دێرە بنووسم ، چونکە ئەو وتانەی لە پشت شاشەکانەوە ئاراستە کران، ئیرادەیەکی نوێیان دەبەخشییەوە ناخمان کە دەکرێت ئێمەی نەتەوەی کورد، سەرەڕای نەبوونی پاڵپشتیی دەرەکی، بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە بەرەنگاری هەموو ئاڵنگاری و دوژمنکارییەکان ببیینەوە.

ئەگەر مێژوو پەند و عیبرەت بێت بۆ ئەمڕۆمان لە ساڵی ٢٠٢٦دا، هەمان هاوکێشە ڕاستیی خۆی دەپێوێت و چونکە مەترسیی ڕاستەقینە تەنها لە سنوورەکانەوە نایەت، بەڵکو لە بوونی مرۆڤی ڕووخاوی ناوخۆوە سەرچاوە دەگرێت.

بۆیە گەورەترین شوورەی بەرگری و بەهێزترین پەیکەری پاراستنی خاک و قەوارەکەمان، بونیادنانی کادیری هۆشیار، وشیارکردنەوەی ناخی ئینسان و چاندنی ڕوحی وەفاداری و ئیرادەیە لە ناو دڵی تاکەکانی کۆمەڵگەدا.