خوێندکارانی تازە وەرگیراو لە زانکۆکان بۆ دەستبەکاربوونیان پێویستە کۆمەڵێک دۆکیومێنت ئامادە بکەن
بۆ ساڵی نوێی خوێندن زیاتر لە 39 هەزار قوتابی ناویان لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە. بەرپرسانی زانکۆکان دەڵێن، وەرگیراوان دەبێت پێداویستییەکانی وەک کارتی نیشتمانی و زانیاری و نمرەکانیان ببەنە کۆلێژ و زانکۆکان و خۆیان تۆمار بکەن.
د. سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “وەرگیراوان لە زانکۆکەمان دەتوانن لە رێگەی کیو ئاڕ کۆدێکەوە خۆیان تۆماربکەن”.
بۆ ساڵی نوێی خوێندن، زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر 9 هەزار و 710 دەرچووی پۆلی 12ی لە 17 کۆلێژ و 89 بەشی ئەکادیمی وەرگرتووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین گوتی: “هەر قوتابییەک لە زانکۆکەمان ناوی گەڕاوەتەوە، دەبێت دوای خۆتۆمارکردن بە ئەلیکترۆنی و لە کاتی سەردانیکردنی کۆلێژەکەی، کارتی نیشتمانی، کارتی زانیاری، وێنەیەکی خۆی، پەڕەی زانکۆلاین و وێنەیەکی پاسپۆرتەکەی ببات، ئەگەر هەیبێت”.
یەکێکی دیکە لەو پێداویستییانەی پێویستە دەرچووان بیبەن ئەوەیە کە کەسێک ببێتە دەستبەر (کەفیل)؛هەروەها کۆنمرەی پۆلی 12 بە پەسندکراوی پێویستە. هەروەها پێویستە خوێندکارانی تازەوەرگیراوە پشکنینی چاو لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ کۆلێژەکانیان.
د. یۆهان عوسمان، گوتەبێژی زانکۆی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “لە هەموو کۆلێژەکان لیژنە پێکهێندراوە و هەر دەرچوویەک کە ناوی لە زانکۆی سلێمانی هاتووەتەوە دەبێت بچێتە تۆماری گشتیی زانکۆ و تۆماری کۆلێژەکەی، لەوێ هەموو رێنماییەک دەکرێ و پێشوازی لێدەکرێ”.
گوتەبێژی زانکۆی سلێمانی گوتی: “هەر دەرچوویەک دەچێتە زانکۆ، دەبێت کارتەکانی نیشتمانی و زانیاری، کۆنمرەکانی پۆلی شەش بە پەسندکراوی پێبێت. کاتێک هاونیشتمانییەکە چووە زانکۆ، لیژنەکان هەموو هاوکارییەکی دەکەن بۆ ئەوەی بە کەمترین کات مامەڵەکانی رایی بکرێت””.
رۆژی 16ـی ئەیلوولی 2026، سیستمی زانکۆلاین لە هەرێمی کوردستان کاراکرا و 26ـی ئەیلوول وادەکەی کۆتاییهات، زیاتر لە 40 هەزار دەرچووی پۆلی 12 مافیان هەبوو داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکان پێشکێشبکەن.
دوێنێ 04-10-2026 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەنجامی زانکۆلاینی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، 39 هەزار و 52 دەرچووی پۆلی 12 لە زانکۆ حکومییەکان وەرگیراون.
وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، 680 بەش لە هەرسێ جۆری خوێندنی (زانکۆلاین) و (پارالێڵ) و (ئێواران) بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) لە 16 زانکۆی حکمی لە هەرێمی کوردستان قوتابی وەرگرتووە.









