پێشمەرگە، پارێزەری قەوارە و کەرامەتی نەتەوەیە…

بێستوون سالەیی

​مێژووی گەلی کورد پڕە لە وانەی سەخت و کارەساتبار، بەڵام هاوکات پڕیشە لە شانازی. لە ناو هەموو ئەو هێمایانەیچچ کە ناسنامەی میللەتەکەمان دەپارێزن، هیچ شتێک هێندەی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە پێناسەی مانەوە ی ئێمە ناکات. کاتێک باس لە پێشمەرگە و چەکی دەستی ئەو دەکەین، باس لە هێزێکی چەکدار یان دامەزراوەیەکی سەربازی ناکەین، بەڵکو باس لە پێناسەی بەرگریکردن لە خاک، نامووس و کەرامەتی نەتەوەیەک دەکەین کە دەیان ساڵە لە پێناو مانەوەی گل و نیشتیمانێک قوربانی دەدات.​
زۆرجار لە ناوخۆی خۆماندا، کەسانێک دەبینرێن کە دەبنە کەوا سووری بەر لەشکەر و دەبنە ڕێ خۆشکەر بۆ نەیاران تا سوکایەتی بە پیرۆزییەکانی گەلەکمان بکەن. ئەم تاقمانە، لە جیاتی ئەوەی ئاو بە ئاگردا بکەن، بەرد دەهاوێژرنە ناو گۆمەوە و دۆخەکە دەشڵەقێنن. ئەوان بە لێدوانی بێباکانە و بەرژەوەندی حزبی و شەخسی، دەرگا بۆ دەستوەردانی لایەنە دەرەکییەکان دەکەنەوە.

​ڕۆڵ و پێگەی پێشمەرگە هێندە ڕوون و مێژووییە کە پێویستی بە سەلماندن نییە. ئەم هێزە فیداکارە، بە خوێنی خۆی سنوورەکانی پاراستووە و بووەتە قەڵغانی بەرگری لە بەرامبەر مەترسی و دەستدرێژییەکان، گرنگی و شەرعیەتی پێشمەرگە لە بیروباوەڕی میللەتەکەیدایە و لێکجیاناکرێتەوە، بە دەقێکی ڕوونیش لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا چەسپاوە و دانی پێدا نراوە وەک هێزێکی شەرعی و یاسایی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان.
​کەواتە، دەستبردن بۆ ئەم بابەتە، یان بەکارهێنانی ناوی ئەم هێزە لە ململانێ سیاسیی و میدیایی نێوخۆییەکاندا، یاری کردنە بە خەبات و قوربانیدانی گەل و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان.
​لە ئێستادا کە ناوچەکە لە ناو گۆڕانکاری و ئاڵۆزیی گەورەدایە، ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی کوردستانە، کە بەرگری لە هەیبەت و پیرۆزیی ناوی پێشمەرگە بکات. کێشە نێوخۆییەکان هەرچۆنێک بن، نابێت ڕێگە بدرێت دەست بۆ پیرۆزیی ناوی پێشمەرگە ببرێت و نابێت ببێتە خۆراکی قین لە دڵانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بابەتی سەرمێزی ئەم کەناڵ و ئەو کەناڵی ڕاگەیاندن…

پێشمەرگە #کوردستان