چەکی پێشمەرگە ، هێڵی سووری خوێن و کەرامەت ، نەک کایەی دەستی شەکەتان
چەکی پێشمەرگە ، هێڵی سووری خوێن و کەرامەت ، نەک کایەی دەستی شەکەتان
ماوەیەکە لە دەمی هەندێک بەرپرسی سەربازی و سیاسییەوە، لێدوانی کاڵفامانە و تەنکبین دەبیسترێت کە باس لە (کۆنترۆڵکردنی چەکی پێشمەرگە لەژێر سایەی چەمکی (حصر السلاح بید الدولة) دەکەن. ئەوانەی مێژوو نایانناسێت و بە ڕێکەوتی زمانەوان ڕووداوەکان هێناونیەتە پێشەوە، دەیانەوێت بڕیار لەسەر چارەنووسی هێزێک بدەن کە ناسنامەی نەتەوەیەکە.
بۆ وەڵامی ئەم تەوەهومە سیاسییە، پێویست ناکات زۆر بگەڕێینەوە دواوە ، تەنها 23 ساڵ پێش ئێستا، کاتێک ئەمریکا لە لوتکەی هێزی جیهانیدا بوو و( پۆڵ بریمە ر) بە غروری زلهێزێکەوە هاتە کوردستان، ویستی هەمان ئەو هەڵەیە بکات کە ئەمڕۆ شوێن پێ هەڵگرانی (شەحاتە لەپێ) لە بەغدا دەیانەوێت تاقی بکەنەوە.
سەرۆک (مەسعود بارزانی) بەو ئیرادە پۆڵایینەی کە تەنها لە چیاکانی کوردستان و لە قوتابخانەی مستەفا بارزانییەوە سەرچاوە دەگرێت، لە دەم وچاوی بریمەری کێشا و پێی گوت:
(پێشمەرگە بە بڕیارێک دروست نەبووە تا بە بڕیارێک هەڵبوەشێتەوە. نە بە بڕیاری من، نە بە بڕیاری تۆ و نە بە بڕیاری هیچ کەسێکی تر. خەڵکی تر بە بڕیار دروست بوون و بە بڕیاریش حەل دەبن… ئەگەر ئەوە بۆ تۆ هێڵی سوور بێت، بۆ من دە جار هێڵی سوورە. ئەوە من چومەوە کوردستان، پیاو بە و وەرە پێشمەرگە حەل بکە)
ئەگەر (بریمەر) بەو هەموو هێز و تفەنگ و تەکنەلۆژیایەوە، لەبەردەم تیشکی چاوەکانی سەرۆکدا پاشەکشەی کرد و چۆکی دادا، ئێستا ئەو هێزانەی کە بە فتوایەک یان بە پارەیەک دروستبوون و غەرقی گەندەڵی و پاشکۆیەتیین، چۆن دەوێرن ناوی پێشمەرگە بە شێوەیەک بهێنن کە لە قەبارەی خۆیان گەورەتر بێت؟
بۆ ئەوانەی هێشتا لە پەیامی چیاکان تێنەگەیشتوون، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی مێژووییدا هێڵە گشتییەکانی کەرامەتی نەتەوەیی کێشایەوە و ڕایگەیاند:
(چەکی پێشمەرگە، پارچەئاسن و جبەخانە و ئامرازی شەڕکردن نییە. چەکی پێشمەرگە مێژوو و فیداکاری و کەرامەت و بیروباوەڕیەتی. چەکی پێشمەرگە ئەو سۆز و پابەندبوونەیە کە هەمیشە بۆ گەل و خاک و نیشتیمانەکەی هەیەتی)
ئەم کورتە پەیامە، دەستوورێکی نەتەوەییە. چەکێک کە تفەنگی شەرەف و قەڵغانی پاراستنی ئاڵای کوردستان بێت، بە یاسایەکی کارتۆنیی بەغدا ڕادەست ناکرێت. پێشمەرگە لەدایکبووی خوێن و ڕەنج و فرمێسکی دایکانی شەهیدە ، مێژوویەکە بە حوبر و کاغەزی پەرلەمانێکی( شەرعیەت لێ زه وتکراو) نەنووسراوەتەوە تا بە واژۆیەک کۆتایی بێت.
ئێمە خاوەنی خاکین، خاوەنی ئیرادەین، و خاوەنی ڕێبەرێکین کە لەبەردەم هیچ زلهێزێکی جیهاندا سەری دانەنەواندووە. پێشمەرگە قەرزاری هیچ دەسەڵاتێکی مەزهەبی یان شۆڤێنی نییە لە عێراقدا.
تفەنگی پێشمەرگە ، شوناسی ئێمەیە. کەرامەتی ئێمەیە. هەر دەستێک درێژ بێت بۆ لێسەندنی ئەم کەرامەتە، پێش ئەوەی بگاتە تفەنگەکە، خودی دەستەکە لە ڕەگەوە هەڵدەکێشرێت. ئێمە لەسەر خاکی خۆمانین، بە ئیرادەی سەرۆکەکەمان و بە خوێنی پێشمەرگەکانمان ، بۆیە بەغدا باشترە لە قەبارەی خۆی زیاتر پێ ڕانەکێشێت، چونکە هێڵی سووری بارزانی، هێڵی سووری گشت نەتەوەی کوردە.
لوقمان عوسمان اغا گە ڵاڵی









