جەنگی ئێستای نێوان ئیسڕائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران

جەنگی ئێستای نێوان ئیسڕائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە ڕاستییدا جەنگی نێوان ئیسڕائیل و ئێرانە و زیانی زۆری بۆ هەر دوو وڵات و ناوچەکەش هەبووە، بە پێی ڕای زۆر کەسی سیاسی و ئاکادیمی ئەمریکی لەوانە پڕۆفیسۆر جان میرشایمەر، ئەمریکا لە ژێر کاریگەری لۆبی ئیسڕائیل بەشداری لەم جەنگەدا کردووە، لەبەر ئەوەی ئەوان پێیان وایە ئێران هەڕەشەی ڕاستەقینە و هەنوکەیی نەبووە لەسەر ئەمریکا.

ئەم جەنگە ئەگەر تەنیا لە ڕوانگەی کێشەی سنورەوە سەیر بکرێت جەنگێکی بێ مانایە، لەبەر ئەوەی زۆربەی جەنگی نێوان دەوڵەتان( جگە لە جەنگی نێوان هێزە گەورەکان) لە نێوان ئەو وڵاتانە ڕوو دەدات کە هاوسنورن.
ئەم دوو دەوڵەتە هیچ سنورێکی هاوبەشیان نیە و دەبوایە باشترین پەیوەندیان لەگەڵ یەکتری هەبێت. بەڵام کێشەی قوڵی نێوان ئێران و ئیسڕائیل کە ڕەهەندێکی ئاینیشی وەرگرتووە لە بنەڕەتدا لەسەر هەژموونە، تا ئەو ڕادەیە کە دەسەڵاتدارانی ئەم دوو وڵاتە بوونی ئەویتر نەک تەنیا بە ڕێگر لە بەڕانبەر هەژموونی خۆیاندا دادەنێن بەڵکو بە هەڕەشەی وجودی لەسەر وڵاتی خۆیان دادەنێن.
چەک و تەکنۆلۆژیای سەردەمیش لەوانە، فڕۆکە و درۆن و موشەکەکان لە پاڵ تەکنۆلۆژیایی زانیاری، نەبوونی سنوری هاوبەشی وەکو بەربەستێکی تەواو بۆ ڕێگری کردن لە ڕوودانی جەنگی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەم دوو وڵاتە نەهێشتووەتەوە .

ئیسرائیل بە پاڵپشتی و بەشداری ئەمریکا و هەبوونی هێزی ئاسمانی وێرانکەر و زانیاریی هەواڵگری ورد و بوونی سەرچاوەی مرۆیی لە ناو ئێران توانیویەتی گورزی بەهێز لە ئێران بدات، ئامانجی سەرەکی ئیسڕائیل بە ڕێگای گورزە کوشندە و وێرانکەرەکان ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئێستای ئێرانە هاوشێوەی سوریا ، ئەگەر لەمەشدا سەرکەوتوو نەبوو دەیەوێت ئێران ببێتە وڵاتێکی وێرانی لاواز و چیتر نەبێتە هەڕەشە لەسەری.

ئێران لە بەرانبەردا بە لێدان لە ناوخۆی ئیسڕائیل و گورز وەشاندن لە پایگاکانی ئەمریکا و فراوانکردنی بەرەی جەنگ دەیەوێت تێچووی جەنگەکە بۆ دوژمنانی بەرز بکاتەوە و لە کۆتاییدا بگەن بە ئاگر بەستێک یان ڕێککەوتنێکی گونجاو.

موشەک و دڕۆن و میلیشیاکانی بەرەی مقاومە لەگەڵ جوگرافیایی فراوانی ئێران، وڵاتپارێزیی و باوەڕی مەدرەسەی شۆڕشگێڕی شيعە و قوربانیدان، هەبوونی دەوڵەتی دامەزراوەیی، فاکتەرەکانی هێزی ئێرانن. بەڵام لە مەیدانی جەنگدا چەک و تەکنۆلۆژیا زۆر جار ئایەندەی جەنگەکان دیاری دەکەن و سەرکەوتن لە جەنگدا بە دەستکەوتە سیاسییەکان هەڵدەسەنگێندرێت.

بەو هیوایەی ئەم جەنگە لەماوەیەکی نزیک و لە کاتی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز کۆتایی پێ بهێت و گەلانی ناوچەکە پێکەوە لە ئاشتیدا بژین.