ژیانی کچانی سودان لە مەترسیدایە

ناوەندی ڕوسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی توندوتیژی و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان ڕاپۆرتێکی تایبەتی بڵاوکردەوە و تیشک دەخاتە سەر بەردەوامی ئەنجامدانی خەتەنەکردنی ژنان لە سودان. 

وەک دەزانرێت خەتەنەکردنی مێینە لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی سوداندا ڕەگ و ڕیشەی قوڵە و دەبێتە هۆی ئازاری دەروونی و جەستەیی.

سەرەڕای یاسا و کەمپەینەکان، هێشتا لە بارودۆخی ململانێ و نائارامیدا ئاستەنگی لە گۆڕینی هۆشیاری کۆمەڵایەتیدا هەیە و سەرەڕای هەموو هەوڵێک، خەتەنەکردنی مێینە لە سودان کێشەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کاتێک کچێک لە سودان تەمەنی دەبێتە پێنج یان شەش ساڵ و دەستدەکات بە تێگەیشتن لە جیهانی دەوروبەری، مەترسی لەسەر ژیانی زیاتر دەبێت. کچەکە پێش هاتنی مامانەکە ڕازاوەتەوە کە لە ناوچەکەدا بە “دایک” ناسراوە. لە کاتی پرۆسەی خەتەنەکردندا چەند ژنێک کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی کچەکە بگرن. ئەمەش پێی دەگوترێت “تاهور”.

لەم پرۆسەیەدا ژنانی دەرەوە تەپڵ لێدەدەن و بە دەنگی بەرز گۆرانی دەڵێن بۆ ئەوەی کچانی دیکە کە ئەم پرۆسەیەیان تێنەپەڕاندووە گوێیان لە هاوار و گریانی کچەکە نەبێت.

لەم نێوەندەدا دایکی کچەکە یان نوێنەرەکەی دەچێتە ژوورەوە، نەک بۆ دڵنەوایی، بەڵکو بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە “دایک” خەتەنەکردنی فیرعەونی ئەنجامداوە، کە توندترین جۆری خەتەنەکردنە. بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی بەکارهێنانی ئامێری تیژ و نەبوونی پاکوخاوێنی کچان بەهۆی ئازارەوە یان لەدەستدانی خوێنەوە گیان لەدەستدەدەن.

دوای بینینی گیانلەدەستدانی چەند کچێک بەهۆی خەتەنەکردنی مێینە، مامانێک بە ناوی حەسنە ڕەحمە سالم، ژنانی ناوچەکەی خۆی لە یەکێک لە گوندەکانی شاری ئەلمناقیل لە ویلایەتی ئەلجەزیرە لە ناوەڕاستی سودان کۆکردەوە بۆ ئەوەی ڕێنمایییان پێبدات و هۆشیارکردنەوەیان لە مەترسییەکانی جێبەجێکردنی ئەو داب و نەریتە. داواشی لە ژنانی ناوچەکەی کرد دەستبەرداری ئەو داب و نەریتە بن و دەڵێ، دەبێتە هۆی مردنی کچان یان ئازاری بەردەوام لە ژیانیاندا.

نەتەوە یەکگرتووەکان و سەنتەری ڕوسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی توندوتیژی دژی منداڵان و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان مەزەندە دەکەن کە نزیکەی لەسەدا 87ی ژنان و کچانی سودان لەنێوان تەمەنی 15 بۆ 49 ساڵیدا چەندین جۆری جیاوازی خەتەنەکردنی مێینەیان بەسەر هاتووە و زۆربەیان یان ژیانیان لەدەستداوە یان کەمئەندام بوون.