ووشەکان دەمرن، بەڵام برینەکان دەمێنن
شاناز جەماڵ
ووشەکان دەمرن، بەڵام برینەکان دەمێنن
پێش ئەوەی کۆمێنت بنووسی، هەزار جار بیر بکەرەوە
لە سەردەمی میدیای کۆمەڵایەتی، کۆمێنتەکان بوونەتە بەشێکی گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک.
بەڵام هەندێک کۆمێنت لەبری ئەوەی هاندەر و پشتگیر بن پڕن لە ڕق، کینە، گاڵتەکردن و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ. زۆرجار نووسەری ئەم جۆرە کۆمێنتانە هەست بە قورسایی وشەکانی ناکات، چونکە لەپشت شاشەی مۆبایل یان کۆمپیوتەرەوە دەنووسێت، بەڵام ئەو وشانە دەتوانن کاریگەرییەکی زۆر قووڵ لەسەر ژیانی کەسێکی تر هەبێت.
کۆمێنتی ڕق لەوانەیە هیوای گەنجێک لەناوببات، متمانەی ژنێک بە خۆی بشکێنێت، یان هۆکاری دڵتەنگی و گوشەگیریی مرۆڤێک ببێت. هەندێک کەس لە پشت وشەی “تەنها ڕای خۆم بوو” خۆیان دەشارنەوە، بەڵام ئازاردانی کەسێکی تر بە ناوی ئازادی ڕادەربڕین، هیچ کاتێک ناتوانێت ڕەوا بێت.
پێویستە بیر لەوە بکەینەوە کە لە پشت هەر ئەکاونتێک، مرۆڤێک هەیە بە هەست، بە دڵ و بە کەرامەت. ئەگەر ناتوانین وشەیەکی باش بنووسین، باشترە بێدەنگ بین لەوەی وشەیەک بنووسین کە دڵێک بشکێنێت.
کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو بە ڕەخنەی شێوازدار و ڕێزدار گەشە دەکات، نەک بە جنێودان، سووکایەتی و کۆمێنتی پڕ لە ڕق. باوشەکانمان هەڵبژێرین، چونکە هەر وشەیەک کە دەنووسین، نیشانەی کەسایەتی و ئەخلاقی خۆمانە پێش هەر شتێک.
لە کۆتاییدا، با لەم ڕۆژەوە پەیمان لەگەڵ خۆمان بکەین کە وشەکانمان ببنە سەرچاوەی ئاشتی، خۆشەویستی و مرۆڤایەتی، نەک هۆکاری برین و شکاندنی دڵی خەڵک. با هەر وێنەیەک و هەر بابەتێک لە میدیای کۆمەڵایەتیدا ببێتە دەرفەتێک بۆ بڵاوکردنەوەی ڕێز، میهرەبانی و هیوابەخشین.
ئەی مرۆڤی باش تۆش لە ئێستاوە دەست پێ بکە بەخشینەوەی ئاشتی، خۆشەویستی و مرۆڤایەتی. با وشەی ڕق، کینە سووکایەتی و شکاندنی دڵ لەبیر بکەین و بۆ هەتاهەتایە جێی بهێڵین.
چونکە وشەیەکی جوان دەتوانێت ژیان بگۆڕێت، دڵێک چارەسەر بکات و هیوایەکی نوێ لە ناخی مرۆڤێکدا زیندوو بکات.
تکایە با هەموومان ببینە پەیامنێری ئاشتی، نەک بڵاوکەرەوەی ڕق چونکە دونیا بە خۆشەویستی جوانترە و مرۆڤایەتی بە میهرەبانی مانادارتر دەبێت









