حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەی قەیرانەکان و پتەوکردنیپردی متمانە لەگەڵ هاووڵاتییاندا

فرسەت سەید شکور

مێژووی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا هەمیشە پڕ بووە لە هەوراز و نشێو، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، توانی لە ماوەی تەمەنی خۆیدا و سەڕەڕای قەیرانە جۆراوجۆرەکان، نموونەیەکی پراکتیکی و واقعبینانە پێشکەش بە هاووڵاتییان بکات. ئەم کابینەیە لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت و نەخوازراو بووەوە، لەوانەش پەتای جیهانیی کۆرۆنا، قەیرانی دارایی، و دابەزینی نرخ و بەهای نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا. سەرەڕای ئەم ئاستەنگە گورچکبڕانە، حکومەتی هەرێم توانی ستراتیژێکی سەرکەوتوو پەیڕەو بکات کە بناغەکەی لەسەر نزیکبوونەوە لە خەڵک، هەستی بەرپرسیارێتی، و خزمەتکردنی بێوچان ڕابوسترابوو.

سەردانە مەیدانییەکانی سەرۆکوەزیران
مەسرور بارزانی بۆ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و دیداری لەگەڵ چین توێژەکان، هەروەها گوێگرتن لە ڕاو سەرنج و پێشنیازەکان هەنگاوێکی گرنگ و جێگەی بایەخە، بە تایبەت لە ساتەوەختێکی پڕ لە ئارێشەی ناوچەکەدا.

هاووڵاتییانی کوردستان بە ڕوون دەبینن کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چۆن بەوردی و بە ڕاوێژ لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکاندا، هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەنێن و پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەرانسەری کوردستاندا ئەنجام دەدەن. ئەمەش بێگومان کاریگەریی خستووەتە سەر حوکمڕانیی وڵات و فاکتەری سەرەکیی مانەوە و بەهێزبوونی زیاتری حکوومەت بووە.
لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین که کۆبەند و ناوەرۆکی سەرەکیی ئەم ئەزموونە حوکمڕانییە ئەوەیە کە، کاتێک خەڵک دەبینن حکوومەت بە کردار لە خەمی ئەواندایە و پشتیوانیان دەکات، متمانە و هاوکاری زیاتر دروست دەبێت.

پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و هەناردەکردنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ دەرەوەی وڵات، چاکسازییە ئابوورییەکان، و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ باشترکردنی ژێرخانی ئابووری، هەموویان شاهیدی ئەو ڕاستییەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی سەرکەوتووانە بەرەوڕووی ئاستەنگەکان ببێتەوە و پشتگیریی چین و توێژە جیاوازەکان بەدەست بهێنێت.

لە کۆتاییدا، بەردەوامبوونی ئەم جۆرە دیدگا و ستراتیژە لە شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا، گەرەنتیی سەرەکییە بۆ بەرەوپێشچونی زیاتری حوکمڕانی و بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتییان. پێویستە ئەم هاریکاری و هەماهەنگییە نێوان خەڵک و حکومەت زیاتر پەرەی پێ بدرێت تاوەکو کوردستان بەرەو ئاراستەیەکی گەشەسەندووتر و ئاوەدانتر هەنگاو بنێت، و خزمەتگوزاریی زۆرتر پێشکەش بە کۆمەڵگە کرێت.