کۆبانێ ، ئه و ڕۆژه ی پێشمەرگە سنووری جۆگرافیای سڕییەوە و داستانێکی نەتەوەیی تۆمار کرد
دوازدە ساڵ لەمەوبەر ، لە ساتێکدا کە تاریکیی تیرۆر هەموو ئاسمانی شارێکی خۆشەویستی ڕۆژئاوای کوردستانی داپۆشیبوو و کڵپەی ئاگر دەرگای ماڵەکانی کۆبانێی گرتبوو ، هیوایەک لە باشووری کوردستانەوە هەستا و هاوکێشەکەی بە تەواوی گۆڕی. کاتێک ڕێکخراوی دڕندەی داعش خەریک بوو کۆتا کۆسپەکانی بەردەم خەونە تاریکەکانی دەشکێنێت ، لێرە ، لە باڵی شاخ و سەرچاوەی غیرەتەوە ، بڕیارێکی مەزن درا.
ئەو کاتە ، پێشمەرگە تەنها هێزێکی سەربازی نەبوو ، بەڵکو سیمبوولی زیندووی کەرامەت و بەرگریی نەتەوەیەک بوو. سەرۆک مەسعود بارزانی ، وەک سەرکردەیەک کە سنووری دەستکردی قۆناغەکانی نەناسی و خوێنی هیچ کوردێکی لە هیچ پارچەیەکی خاکەکەدا لە خۆی بە نامۆ نەزانی ، دەستپێشخەرییەکی مێژوویی کرد. ڕەزامەندیی پەرلەمانی کوردستان وەرگیرا ، دیپلۆماسییەکی چالاک لەگەڵ هاوپەیمانان دەستی پێکرد و لە 28 ی تشرینی یەکەمی 2014 دا ، یەکەم کاروانی پۆڵایینی پێشمەرگە ، لە نێو سۆز و گەرموگوڕی و پێشوازیی بێوێنەی جەماوەردا ، پەڕییەوە و گەیشتە خاکی کۆبانێ.
چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ تەنها ناردنی هێز و چەکی قورس نەبوو ، بەڵکو ناردنی نامەیەک بوو کە پەیامی هۆشیاری و یەکڕیزیی نەتەوەیی پێ بوو. لە سەنگەرەکاندا ، پێشمەرگە تەنها بەرگریی لە شارێک نەکرد ، بەڵکو شکۆی هەموو مرۆڤێکی کوردی لە جیهاندا بەرز ڕاگرت. کاتێک ئەرکەکە کۆتایی هات و تیرۆرستان تێکشکێنران ، پێشمەرگە بە سەربەرزی و بێ هیچ دەستوەردانێک لە ناوخۆی رۆژئاوا ، گەڕایەوە و چەک و کەرەستە سەربازییەکانی وەک دیارییەک بۆ براکانی بەجێهێشت ، تا نموونەیەکی بێوێنە و ئەبەدی لە برایەتی و هاوخوێنی لە مێژوودا تۆمار بکات.
ئەمڕۆ، دوای 12 ساڵ ، هێشتا گەرمای ئەو داستانە لە دڵی هەر کوردێکی نیشتمانپەروەردایە ، یادکردنەوەی کۆبانێ تەنها یادکردنەوەی شارێک نییە ، بەڵکو یادکردنەوەی ئەو ساتەیە کە پێشمەرگە سەلماندی ئاراستەی مێژوو دەتوانرێت بە ئیرادەی پۆڵایین و برایەتی بێتە گۆڕین.
لوقمان گە ڵاڵی









