🔶 لە هەرێمی كوردستان وەرزی دروێنە دەست پێدەکات
زێیێ بادینان
بەهۆی بارانبارینی باشەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ لە دهۆک زیاتر لە 700 هەزار تۆن گەنم بەرهەم بهێنرێت. لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی دروێنە، لایەنە پەیوەندیدارەکان و جووتیاران بۆ ڕێگریکردن لە سووتانی بەرهەمەکانیان کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە.
بۆ ئەم مەبەستە، بەرگریی شارستانیی دهۆک ڕێنمایی نوێی بۆ جووتیاران دەرکردووە و ڕایگەیاندووە کە تیمەکانیان لە ئامادەباشیدان. هەروەها هۆشداریداوە کە هەر کەسێک بە ئەنقەست یان کەمتەرخەمی ئاگر بکاتەوە، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە.
ئەمساڵ لە پارێزگاکەدا لەسەر ڕووبەری زیاتر لە 910 هەزار دۆنم گەنم و جۆ چێنراوە. جووتیاران جەخت دەکەنەوە کە پێویستە هاووڵاتییان بۆ پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە لە ئاگرکەوتنەوە، بەتەواوی لەگەڵ تیمەکاندا هاوکار بن.








