ماڵی نێچیرڤان بارزانی ، ئەو ناونیشانەیجیهان بۆ پاراستنی ئاشتی لە دەوری کۆدەبێتەوە
لوقمان عوسمان گە ڵاڵی
لە کاتێکدا جیهان و ناوچەکە تینووی ئارامی و زمانی دیالۆگن، دەستێکی ڕەش و ترسنۆک، بە ئامانجگرتنی ماڵی سیمبولی دیپلۆماسی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان، دەیەوێت پەیامی وێرانکاری و پشێوی بڵاوبکاتەوە. هێرشکردنە سەر ماڵی سه رۆک نێچیره ڤان بارزانی ، تەنها بە ئامانجگرتنی کەسایەتییەک یان شوێنێکی جوگرافی نییە، بەڵکو هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەو سەقامگیرییەی کە بە خوێنی هەزاران پێشمەرگە و ساڵانێک لە دانایی سیاسی بەدەستهاتووە.
ئەوانەی زمانی درۆن و مووشەک بۆ گفتوگۆ هەڵدەبژێرن، لە ڕاستیدا دان بە شکستی فەلسەفی و سیاسی خۆیاندا دەنێن. کاتێک گروپە توندڕەو و لەیاسادەرچووەکان ناتوانن لە مەیدانی عەقڵ و ئاوەدانیدا ڕکابەری بکەن، پەنا دەبەنە بەر تیرۆرکردنی ئارامی. بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە تۆوی ئاشتی لە خاکی ئەم نیشتمانەدا ئەوەندە قووڵ چێنراوە، بە باهۆزی هیچ گروپێکی تاریكپەرست هەڵناکێشرێت.
ئەم هێرشە ناڕەوایە، کە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بووەوە، نیشانەی ئەوەیە کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییە حەکیمەکەی، ئیتر تەنها خواستێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی ئاسایشی هەموو ناوچەکە. پەیوەندییە بەپەلەکانی سەرۆک و سەرکردە جیهانییەکان و جەختکردنەوەیان لەسەر پشتیوانی هەرێم، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە کوردستان تەنها نییە و ئەو پیاوەی تەمەنی خۆی بۆ ئاشتەوایی تەرخان کردووە، جێگەی متمانەی جیهانە.
ئەو شەمشەمەکوێرانەی لە تاریکیدا هێرش دەستپێدەکەن، دەبێت بزانن کە ئیرادەی گەلێک بۆ ژیان، زۆر لە درۆنەکانی ئەوان بەهێزترە. ئەوانەی دەیانەوێت ماڵی ئاشتی بڕووخێنن، تەنها ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان وەک دوژمنی مرۆڤایەتی و پێکەوەژیان نیشان دەدەن. هەرێمی کوردستان بەم پەلامارانە نەک هەر پاشەکشە ناکات، بەڵکو یەکدەنگیی ناوخۆیی و پێگەی نێودەوڵەتییەکەی پۆڵایینتر دەبێت.
لەکۆتاییدا، تیرۆر و ئاژاوەگێڕی تەنها پەڵەیەکی ڕەش دەبن لە مێژوودا، بەڵام ناوی ئەو سەرکردانەی کە لە کاتی زریاندا دەبنە چەتر بۆ پاراستنی گەلەکەیان و دوورخستنەوەی شەڕ،
بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە. کوردستان دەمێنێت و ئاشتیش وەک هەمیشە بەسەر زمانی چەک و باروتدا سەردەکەوێت.









