ڕوخاندنی ئێران، یان دوا هەوڵی ئەمریكا بۆ مانەوەی سیستەمی تاك جەمسەری!

من هەرگیز لەگەڵ ئەو ڕایەدا نیم، كە ئەمریكایەكی گەورەو گران، بەبێ ئامانجێكی ڕوون و ستراتیژێكی قوڵ جەنگی لە دژی ئێران ڕاگەیاندبێت و خۆی دابێتە دەست قەدەری بڕیارە میزاجی و دیراسەنەكراوەكانی تڕەمپ. چونكە ناچێتە ئەقڵەوە، ئەمریكایەك كە بۆ نیو سەدە زیاترە سەرداری جیهانە، كەچی لە ئێستادا ئەوەندە كۆڵەوار و دەستەوەستان بوبێت و نەتوانێت ڕێگر بێت لە كەوتنی ئەمریكا بە دەست حەزو خولیا كەسیەكانی تڕامپ و نەتانیاهۆوە!

دەكرێت بڵێین سیستەمی جیهانی گۆڕانكاریەكی گەورەی بەسەردا هاتووەو ڕەنگە ئەمریكا وەك پێشوو هەموو هەوڵێكی سەرنەگرێت و هەموو ئامانجێكی بۆ نەیەتە دی، بەڵام باسكردنی ئەمریكا لە بەرپاكردنی ئەم جەنگە، گوایە لەسەر ئەساسی قسەو قسەڵۆك و بوختان دروستكردنی نەتانیاهۆ بۆ ئێران جەنگەكەی بەرپاكردووە، زیاتر لە قسەی كۆڵان و تەحلیلی شەڕی گەڕەك دەچێت نەك شتی تر.

من پێم وایە، ئەمریكاو ئیسرائیل هەریەكەو بە ئامانجێكی جیاواز جەنگیان لە دژی ئێران بەرپا كردووە. بە نسبەت ئیسرائیلەوە، ڕەنگە كۆمەڵێك هۆكارو ئامانجی هەبێت لە هێرش كردنە سەر ئێران،بەڵام ئامانجی سەرەكی و شاهۆكار، هەوڵدانە بۆ نەهێشتنی خەتەرێكی گەورەی ئەمنی لەسەر خۆی، چونكە تا ئێران بەو دەسەڵاتەی ئێستایەوە بمێنێتەوە، ئیسرائیل هەست بە ئارامی و ئەمنیەتێكی بەرقەرار ناكات.

بە نسبەت ئەمریكاوە،بە خوێندنەوەی من ئامانجی سەرەكی لە لاوازكردن یان ڕوخانی ڕژێمی ئێستای ئێران، وەستاندن و تا ڕادەیەكی زۆر شكستهێنانی گەشەی چینە لە ڕووی ئابوری و ئەمنیەوە، كە لە ئێستادا بە هۆیەوە بۆتە خاوەن هەژموونێكی گەورەو یەكێكە لە ڕكابەرە سەرەكیەكانی ئەمریكا و سیستەمی تاك جەمسەری و دەسەڵاتی ڕەهای ئەمریكای لە جیهان خستۆتە ژێر پرسیارو گومانی گەورەوە. وە بەو پێیەی ئێران یەكێكە لە هاوكارو هاوپەیمانە هەرە گەورەكانی چین و پایەیەكی گەورەی پڕۆژەكەیەتی بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر زۆربەی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەلای ئەمریكاوە ڕوخانی ڕژێمی ئێستای ئێران، شكست پێ هێنان و پاشەكشەیەكی گەورەیە بە چین و زەمانەتێكە بۆ ماناوەو بە هێزكردنەوەی سیستەمی تاك جەمسەری.

بە نسبەت ڕوسیاوە، بەرژەوەندی خۆی لە درێژە كێشانی جەنگ لە نێوان ئەمریكاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەبینێتەوە، بۆ ئەوەی ئەمریكاو ناتۆ ئەوەندە نەپەڕژێنە سەر هاوكاری كردنی ئۆكرانیاو ڕێگری كردن لە داگیركردنی ئەو وڵاتە. بۆیە تا ئێستا وەك باس دەكەن جگە لە هاوكاریكردنێكی كەمی هەواڵگری ئێران هیچ هاوكاریەكی تری ئەوتۆی ئێرانی هاوپەیمانی نەكردووە، پێ دەچێ ئەو تۆزە هاوكاریەش تەنها هەوڵێك بێ بۆ بەرداوام بوونی جەنگەكە نەك پشتیوانی كردنی ئێران بۆ سەركەوتنی لە جەنگەكەدا.

وەك چۆن ئەمریكاش هیچ ڕێگریەكی لە ڕوسیا نەكرد بۆ هێرش كردنە سەر ئۆكرانیا، بەڵام لە هەمان كاتتدا بە قەدەر بەردەوام بوونی شەڕەكە، لە ڕێگای ناتۆوە هاوكاری ئۆكرانیای كردووە، بۆ ئەوەی ڕوسیا زۆربەی وزە سەربازی و ئابوریەكەی بۆ ئەو شەڕە تەرخان بكات و وەك ئێستا لە شەڕێكی بەردەوامدا بێت و بەوهۆیەوە نەپڕژێتە سەر ململانێ و قۆڵ بدان لەگەڵ ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست!

بەڵام بە نسبەت چینەوە بابەتەكە تەواو پێچەوانەو جیاوازە، هێرشكردنە سەر ئێران و هەوڵدان بۆ ڕوخاندنی ڕژێمەكەی، بە دژایەتی و هەوڵدان بۆ وەستاندن و كەمكردنەوەی هەژموون و گەشە ئابوری و سەربازیە خێراكەی دەزانێت لە لایەن ئەمریكاوە، بۆیە تا ئێستاش كە بە ئاشكرا نەكەوتۆتە هاوكاری ڕاستەقینەو ئاشكرای ئێران، ڕەنگە جۆرێك لە دڵنیایی هەبێت لە مانەوەی ڕژێمی ئێستای ئێران. ئەگینا بە بڕوای من كار بگاتە ئەوەی مەترسی ڕوخانی دەسەڵاتی ئێستای ئێرانی هەبێت، پشتیوانیەكانی لە ئێران زۆر گەورەترو لە ئێستا جدی تر دەبێت.

لە كۆتاییدا دەكرێت بڵێین; كۆتایی ئەم جەنگە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرەتای دەست پێكردنی قۆناغێكی نوێ لە جیهاندا. بە جۆرێك ئەگەر ئەمریكا سەركەوت، سیستەمی جیهانی بە سەرۆكایەتی ئەمریكایەكی بە هێزو بە سامتر دەمێنێتەوە. وە بە پێچەوەنەوە ئەگەر ئەمریكا شكستی هێناو سەرنەكەوت، ڕەنگە ئەم جەنگە ژانی لە دایك بوونی سیستەمێكی نوێی جیهانی بێت و سیستەمی فرە جەمسەری ببێتە سیستەمێكی ئاشكراو دانپیاندراو لە بەڕێوەبردنی جیهاندا.

پارێزەر.شاڪر گەردی…