جەنگ و ئەنجامەکان
فازڵ میرانی
لەعەربیەوە :سەردار پێنجوێنی
هیچ جەنگێک بێ ئەنجام نییە، وەک چۆن هیچ جەنگێک بێ هۆکار هەڵناگیرسێت؛ نە ئەنجامەکان هەمیشە دڵخۆشکەرن و نە هۆکارەکانی جەنگیش هەمیشە ڕوون و ئاشکران.
چەقی هەموو جەنگێک “بەرژەوەندییە”، بەرژەوەندییەکانیش ڕەگەزێکی جێگیر و هۆکارێکی گۆڕاون و هاوتەریبن لەگەڵ هەر بابەتێک کە بەرژەوەندییەکی تێدا بێت.
دەگمەنە ڕژێمەکان لە کاتی جەنگدا پابەندی یاسا بن، چونکە هۆکارەکانی هێز، باڵادەستی و تەماحی گەیشتن بە ئامانج، ڕەنگە پەردەپۆشی هەر بەربەستێکی یاسایی یان مرۆیی بکەن کە حوکم بەسەر دەنگی چەک و ئامانجی تەقەکاندا دەکەن.
پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران چەندین دەیەیە بە دەست گرژییەوە دەناڵێنن، هەر لەوەتەی ڕەزا پەهلەوی لە کانوونی یەکەمی ١٩٧٩ تێرانی جێهێشت؛ دوای ئەوە هاوپەیمانییە کۆنەکە گۆڕا بۆ دوژمنایەتییەکی کەم-هێمن، بەڵام تا ئەم دواییانە نەگەیشتبووە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی فەرمی. تەنانەت لەگەڵ زۆریی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان دژی یەکتر و ئامادەیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەوەکالەت لە ناوچە گەرم و ساردەکاندا، بەڵام چاشنی بۆمبەکان تەنیا دوای چەندین دەیە تەقینەوە.
ئێران کە هەوڵی دا پێگەی بەرگری بۆ خۆی لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە دروست بکات، لە بەرامبەردا ڕووبەڕووی پلانی دژبەران بووەوە، لە ڕێگەی ململانێ لەگەڵ بریکارەکانی و دروستکردنی تۆڕێکی گەمارۆ لە دەوروبەری.
پێگەی کاریگەری جوگرافیی ئێران یەکەمین هۆکاری گومانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، کە هەمیشە ئەو پرسیارەی لەلا دروست دەبێت: “کێ فەرمانڕەوایی دەکات؟”. ئەم قسەیە نە نهێنییە و نە لایەنگرییە، ئێمە هەمیشە لەبەردەم هاوکێشەیەکداین کە دەستکەوت بۆ هێزە ململانێکارەکان بەدی دەهێنێت یان زیانیان لێ دەدات؛ لە سیاسەت و وەسفکردنی بەرنامەکانیدا جێگەی هەڵە نابێتەوە، ئەگەر هەڵەش ڕوو بدات، ئەوا نرخەکەی بەو شێوەیە دەخەمڵێنرێت کە براوە دەیسەپێنێت.
تەنانەت بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانی گەلانی ناوچەکە و تێگەیشتن لە سیستەمی بەهاکانیان، بەڵام جەنگ دەرەنجامی خۆی هەیە کە ئامرازەکانی (زانستە سەربازییەکان و هەوڵە ئەمنییەکان) و دابینکردنی تێچووەکان کە پشتیوانی گەیشتن بە ئامانج دەکەن، دەستنیشانی دەکەن.
جیاوازییەکی گەورە لە نێوان دیدگای هەردوو لایەنی ململانێکەدا هەیە، ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە؛ هەر وەک چۆن جیاوازی لە پاساو و لێکدانەوەکان و تەنانەت وەسفکردنی یەکتریشدا هەیە. هەرچەندە هۆکارەکانی جیاوازی لە هەندێک بارودۆخدا دەبنە هۆکاری لێکنزیکبوونەوە، بەڵام لە کاتی ململانێدا دەبنە کەرەستەی سەرەکی بۆ هێرشکردنە سەر نەیار؛ ڕەگەز، بیروباوەڕ، پڕۆژەی سیاسی و سروشتی ڕژێم، ئامانج و مێژووەکەی، هۆکاری سەرەکین و دەبنە ماددەیەکی پڕوپاگەندەی کاریگەر لە هاوکێشەکانی ململانێ و جەنگدا.
ئێران دەوڵەتێکی کاریگەرە لە ناوچەکەدا و کاریگەرییەکەی بە ئاسانی کەم نابێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانیش دەوڵەتێکە کە سەرکردایەتی بەهێزترین جەمسەری بڕیاری نێودەوڵەتی دەکات، ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە. دەتوانیت وێنای ئەوە بکەیت کە پێکدادانی ئەم دەوڵەتانە چ مانایەکی هەیە و چ شوێنەوارێکی کاتی و درێژخایەنی لەسەر خۆیان و ناوچەکە دەبێت کە بووەتە گۆڕەپانی جەنگ؛ چونکە لێکەوتەکانی دەگاتە هەموو لایەنەکانی ژیانی گەلانی ناوچەکەمان.
ئاڵۆزی و تێکهەڵچوونی ئابووری، جوگرافی و بوارە زیندووەکان و سیاسییەکان لە ناوچەیەکدا کە دوو هەژموون تێیدا لە ململانێدان، پێویستی بە داناییەکی یەکجار ورد هەیە بۆ هەژمارکردنی ڕێژەی مانەوە و سەلامەتی؛ چونکە ڕژێمەکان هەمیشە لە تاقیکردنەوەدان بۆ پاراستنی ئەو قەوارەیەی کە گەلەکانیان و بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانیان پێکی دەهێنن، بەڵام بە دەگمەن ئەم جۆرە داناییە لە کاتی پێویستدا دەردەکەوێت.
هەر وەک چۆن بۆ سەرکەوتنی هەر ڕژێمێک بنەڕەتییە کە جێگرەوەیەک پێشکەش بکات ئەگەر شوێنەکەی چۆڵ بوو، ئەوا گرنگتر ئەوەیە هەر ڕژێمێک بە بێلایەنانە لە ڕەگەزەکانی هێزی خۆی و هێزی نەیارەکەی تێبگات، و پێش هەموو ئەمانەش، لە هۆکار، نرخ و ئەنجامەکانی دوژمنایەتی تێبگات.









