“لوتکەی داڤۆس ٢٠٢٦؛ مەسرور بارزانی پەیامی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی گەیاندە جیهان”
“لوتکەی داڤۆس ٢٠٢٦؛ مەسرور بارزانی پەیامی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی گەیاندە جیهان”
عرفان عەزیز
لە ماوەی پێنج ڕۆژی لوتکەی داڤۆس 2026دا، ئەوەی گرنگ بوو سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی پەیامی کوردستانی گەیاندە جیهان؛ ئەمەش لە ڕێگەی زنجیرەیەک دیداری گرنگی ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسی لەگەڵ سەرکردایەتییە گەورەکانی جیهان. جیا لە گەیاندنی پەیامی هەرێمی کوردستان و پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بە جیهانی گوت: “دەرگای وەبەرهێنانی کوردستان کراوەتەوە بۆ سەرمایەدارانی بیانی”.
دەستپێکی بەشداریی مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی داڤۆسی 2026 زۆر گرنگ بوو. ئەمە 56ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانییە لە سویسرا، کە بە بەشداریی سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بەڕێوەچوو، لەنێویاندا سەرۆکی ئەمریکا کە پەیامی گرنگی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی جیهانەوە هەبوو. یەکێک لەو سەرکردانەی کە زۆرترین دیداری هەبوو سەرۆک وەزیرانی هەرێم بوو. بۆ جارێکی دیکە مەسرور بارزانی “ماڵی کوردی” لە داڤۆس کردەوە کە گەرموگوڕیی بەخشییە ماڵەکە و وەک پلاتفۆڕمێکی ستراتیژی بۆ ناساندنی تواناکانی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا زۆر گرنگ بوو.
ئەم کۆڕبەندە دەرفەتی سەرکەوتنێکی جیهانی بۆ کوردستان ڕەخساند، تا لە نزیکەوە توانای کوردستان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان بۆ سەرکردە جیهانییەکان ڕوون بکاتەوە. بۆیە سەرۆکی حکوومەت، لەپاڵ بایەخی سیاسیی ئەم کۆڕبەندە، ٢٠ گەورە سەرمایەداری نیشتمانیی لەگەڵدا بوو، کە دەرفەتی گرنگیان بۆ ڕەخسابو لەگەڵ سەرمایەدارانی جیهان پەیوەندی دروست بکەن.
ئەمە جگە لە گەیاندنی پەیامی سیاسی کە گەورەترین لۆبی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کرا و نموونەی سەرکەوتنی ئیداریی کوردستانیش لە بواری چارەسەری قەیرانی ئاو، کارەبا و خزمەتگوزاری بۆ سەرکردەکانی جیهان خرایە ڕوو. داڤۆس ناکرێت وەک کۆڕبەندێکی ئاسایی تەماشا بکرێت؛ لە خولی ڕابردووی کۆڕبەندەکەدا وەک هەڵوێست وەرگرتنێک بەرامبەر بە بۆردومانی هەولێر و ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی حکوومەت بایکۆتی دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کرد، کە ئەمە بەهێزترین و پڕکاردانەوەترین ئاستی هۆشداری بوو و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.
دیدارهكان له ئاستی باڵا بوون/
یەکەم: کۆی ئەو دیدارانەی سەرۆکی حکوومەت ئەنجامیدان، زۆر گرنگ و کاریگەر بوون و بەشێکیان بەرهەمی گرنگیان لێکەوتەوە، وەک دیداری سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ ئیلهام عەلییێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان؛ جیا لەوەی بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی حکوومەت کرا بۆ وڵاتەکەی، ئامادەیشی پیشاندا بۆ کردنەوەی کونسوڵخانە لە هەولێر.
دووەم: سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی لە داڤۆس، لەگەڵ ماکسیم پڤۆ، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا کۆبووەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانیی بۆ کوردستان دەربڕیوە، بە تایبەتی بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان و بازرگانی.
سێیەم: دیداری گرنگی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی لە داڤۆس، لەگەڵ ماکسیم پرێڤۆ، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا بوو، کە لەوێ باسی گرنگیی ئابووری و وەبەرهێنانی بەلجیکا لە کوردستان کراوە.
چوارەم: سەرۆکی حکوومەت دیداری لەگەڵ جاسم محەممەد ئەلبدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاوکاریی وڵاتانی کەنداو هەبووە.
پێنجەم: سەرۆکی حکوومەت دیداری لەگەڵ ڤاهاگن خاچاتوریان، سەرۆک کۆماری ئەرمەنستان هەبووە، کە تێیدا سەرۆکی ئەرمەنستان سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاراستنی مافی ئەرمەنەکان.
شەشەم : مەسروور بارزانی لە دیدارەکانیدا لەگەڵ کریستیان شتۆکەر، ڕاوێژکاری کۆماری نەمسا دیداری هەبووە.
حەوتەم: سەرۆکی حکوومەت دیداری لەگەڵ بەرهەم ساڵح، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) هەبووە، کە لەوێ باسیان لە پرسی ئاوارەکان و جەنگی سووریا کردووە.
هەشتەم : دیداری سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ حەسەن ئەلخەتیب، وەزیری وەبەرهێنانی میسر، کە دوادیداری بووە و لەگەڵ چەندین دیداری دیکە وەک پێشوازی لە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و دیدار لەگەڵ خەلیفە عەبدوڵڵا عەجیل، وەزیری بازرگانیی کوێت و ئەلحوسەین بن عەبدوڵڵا، شازادەی جێنشینی ئوردن.
پرسی ڕۆژئاوای کوردستان و ئاسایشی ناوچەکە!
سەرۆکی حکوومەت لەپاڵ لوتکەی کۆڕبەندی داڤۆس، توانی لۆبیی گرنگ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بکات؛ لە یەکێک لە دیدارەکاندا کە لەگەڵ شاندێکی باڵای شانشینی بەحرەین و جۆناسان پاوڵ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا بووە، سەرۆکی حکوومەت تەواوی نیگەرانییەکانی دۆخی ڕۆژئاوای خستووەتە ڕوو کە چۆن مەترسی لەسەر ناوچەکە هەیە، و سەرۆکی حکوومەت داوای کردووە کە مافی کورد لە سووریای داهاتوودا پێشێل نەکرێت.









