یەک هێزى پێشمەرگە ، ئاواتى سەرۆک بارزانى وشەهیدان وهەموو کورد
رێبوار حەمەلاو شوانى
کوردوکوردستان بە درێژایی مێژوو بە دەست پیلانگێرى و دابەشکارى و گەلەکۆمەکى نەیارانى کوردستان ، رووبەڕووى ستەمکارى و جنیۆسایکردنى گەورە بووەوە ، لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵە دوژمنکارییانەى نەیارانى کوردستانیشدا زۆر جاران بەهۆى لێکترازان و ناکۆکی ڕیزەکانى گەلى کورد ، باجى قورسى قورسى داوەتەوە و دۆزە رەواکەى ڕووبەڕووى کێشە و ئاستەنگى زۆر بووەتەوە ، شەڕى کورد بەرامبەر کورد و دوو ئیدارەیی و دەستوەدردانى دەرەکى و یەک نەبوونى هێزەکانى پێشمەرگە زیانى گەورەى بە کاروانى خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەزنەکانى کورد گەیاندووە
رووداو و پێشهاتە خێراکانى ناوچەکە ، گۆڕینى نەخشەى سیاسى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و گۆڕینى هاوکێشەکانى هێز ، هاتنەئاراى کەشێکى نوێ لە ناوچەکەدا ، بەتایبەتى ئەو وڵاتانەى کە هەمیشە چاوەروانى کۆتایی هاتنى قەوارەى هەرێمى کوردستان یان دەکرد ، خەونى نەمانى هێزى پێشمەرگەى کوردستانیان دەبینى ، بەڵام ئێستا خەون و خەیاڵەکانیان بوون بە بڵقى سەر ئاوە ، ئێستا یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگە دۆزى کورد دەباتە پێگەیەکى بەهێزتر و قۆناغێکى مێژوویی گرنگتر و ڕەنگە شتى دیکەشى بەدواوە بێت
لەگەڵ هەموو رووداوو وپێشهاتانەشدا ، هەوڵەکانى سەرۆک مسعود بارزانى بۆ پارێزگاریکردن لە سەروەرى هەرێمى کوردستان لە ماوەى رابردوو و بە ستراتیژى ( یەک هەرێم ،یەک پەرلەمان ، یەک حکوومەت ، یەک هێزى پێشمەرگە )، بەردوام ، دواى تێکۆشانێکى زۆر لە کۆتاییدا ئەنجامەکەى بووە هۆى یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگە ، ئەوەش نەک هەر کاریگەرى لەسەر سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان زیاتر دانا بەڵکو ئەم کارە تۆمارکردنى مێژووییەکى پڕ سەروەرى و شانازیی بۆ کوردوکوردستان ، چونکە بوونى لەشکرێکى بەهێز و تەبا بەدڵنییاییەوە موژدەى بەدیهێنانى ئامانجە گەورە و لەمێژینەکانى گەلى کوردە
هەوڵەکانى سەرکردایەتى سیاسى هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى سەرۆکى هەرێم ، ئینجا سەرۆکوەزیرانى کوردستان لەماوەى چەند ساڵى رابردووى کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ، ئینجا سەروەرى ویەکپارچەیی بۆ هەموو دامودەزگاکانى هەرێمى کوردستان هەر لە زاخۆوە و تاهەڵەبجە ، هەنگاوێکى ستراتیژى و مێژوویی و پیرۆزە ، بەتایبەتى یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان لە ژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگە ، بۆ دروستکردنى لەشکرێکى نیشتیمان بۆ کوردستان ، خەون و ئاواتى لەمێژینەى سەرۆک و شەهیدان و هەموو کوردێکى دڵسۆزى ئەم نیشتیمانەیە ، وێراى هەموو ئەو خەونە نەزۆکانەى نەیاران کە چووڵ دەبنەوە کە پێیان وابوو چیتر پێشمەرگە چەک بەدەستیەوە نابینێت
لەسەرەتاى دەستبەکاربوونى کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان جەنابتان هەموو هەوڵەکانتان بۆ یەکگرتنەوەى دەزگاو دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و بە دامەزراوەییکردنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بووە، لەم بوارەشدا کارى گرنگ و مێژووییتان ئەنجامداوە، یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستانیش بە یەکێک لە کارە هەرە گرنگ و مێژووییەکانى کابینەى نۆیەمى حکوومەتى کوردستان هەژمار دەکرێت، بێگومان ئەم کارانەتان جێگەى شانازین لە بوارى حوکمدارى و کارگێڕییەکى دامەزراوەیى لە کوردستاندا.
بەدڵنییاییەوە ، یەکڕیزى هێزەکانى پێشمەرگە کاریگەرییەکى گەورە و بەهێز لەسەر هاوکێشە سیاسى و ئەمنییەکانى ناوچەکە بۆ هەرێمى کوردستان دروست دەکات و ، لەداهاتووشدا هێزى پێشمەرگە وەک سوپایەکى کاریگەر سەنگ و ژەمارەى تایبەت بەخۆى دەبێت ، بەتایبەتى کە یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان بە چاودێرى و ڕاستەوخۆى زڵهێزانى وەک ئەمەریکاو هێزەکانى هاوپەیمانان بووە ، ئەوەش ئاماژەیە کە سەر هاوکێشەى ئەمنى ناوچەکە و بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە هێز پێشمەرگە ، هێزێکى کاریگەر بۆ سەقامگیرى و ئارامى لە نێو هاوکێشە ئەمنییەکانى ناوچەکەدا ـ. بەتایبەتى کە هێزى پێشمەرگەى کوردستان وەک لەشکرێکى دەستوورى و یاسایی لەسەر ئاستى عێراق وناوچەکە ژمارەیەکى دیارە ، ئەوەش وادەکات کە هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى بەهێز وکاریگەرتر لە سەر ئاستى ناوچەکە ڕۆڵ وکاریگەرى هەبێت
یەکخستنەوەى هێزەکانى پیشمەرگەى کوردستان ، خەون و ئاواتى لەمێژینەى گەلى کورد بوو ، تا هەرێمى کوردستان خاوەن لەشکرێکى بەهێز و کاریگەر بێت ـ، ئەوەش بناغەیەکى بەهێزە بۆ بونیاتنانى دەوڵەتێکى سەربەخۆ، چونکە کاتێک کوردستان خاوەن هێزێکى نیشتمانى و تەبا بێت ، بە چەک و ئیرادە و بوونى خۆى بەرگرى لە دۆز و دەستکەوتەکان و سەروەرییەکان و قەوارەى هەرێمى کوردستان دەکات ، بوونى سوپایەکى بەهێز و یەکگرتوویی وەک هێزى پێشمەرگە دەتوانێت ئاڵنگارییەکان و هەڕەشە و مەترسییەکانى سەر دۆزى کورد لە ناوچەکەدا بڕەوێنێتەوە
ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە، لەماوەى چەند ساڵى رابردوو ، هەوڵەکانى سەرۆک مسعود بارزانى ، سەرۆکى هەرێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانى ، سەرۆکوەزیرانى کوردستان ، مەسروور بارزانى ، لە پێناو یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان و ئینجا نەهێشتنى دوو ئیدارەیی بە ئاراستە یەک هەرێم و سەروەرى بۆ قەوارەى هەرێمى کوردستان ، چڕ بوونەوە ، بۆیە ئەمڕۆ هەنگاو و هەوڵەکان بوونە هۆى یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان و ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان تێکشکان، ئەوەش ئاماژەیەکى روونە بۆ داهاتووییەکى گەشتر و ئاسۆیەکى روون لەبەردەم هەرێمى کوردستان بەرەو لووتکە و ئامانجە مەزنەکەمان









