پێشمەرگە… لە مێژووی خەباتەوە بۆ سوپای نیشتمانی

ئەحمەد گلی

٢١ی ئەیلول دەتوانێت ببێتە یەکێک لەو بەروارانەی کە لە مێژووی دامەزراوەسازیی کوردستاندا بە گرنگییەوە باس بکرێت, ئەمڕۆ تەواوبوونی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوەیەکی فەرمی ڕاگەیەندرا, ئەمه‌ هەنگاوێکە دەتوانێت لە داهاتوودا شێوەی هێزی بەرگریی کوردستان بە تەواوی بگۆڕێت.

پێشمەرگە مێژوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانیدانی هه‌یه‌ بۆ خاک و نیشتمان , لە سەنگەرەکانی به‌رگریه‌وه‌ هه‌تا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەم هێزە بەشێک بووە لە چیرۆکی بەرگریی کوردستان, ئێستا ئەم مێژووە دەبێت ببێتە بناغەی دامەزراوەیەکی نوێ, دامەزراوەیەک کە توانای بەرگریی کوردستان بە یەک ئاراستە و یەک سیستەم بەرەو داهاتوو ببات.

گرنگیی ئەم هەنگاوە لەوەدایە, دەرفەتێکە بۆ دروستکردنی کەلتوورێکی نوێی سەربازی, کەلتوورێک کە تێیدا پێشمەرگە لە هەموو ناوچه‌كانی کوردستان پەیوەندی و هاوکاریی و هاوبەشیان هەبێت و به‌یه‌ک ئاراسته‌ خزمەت بکەن و هەستی هاوبەشی و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لەسەرووی سنوورە ناوخۆییەکان دابنێن.

ئەگەر ئەم پرۆسەیە لە ساڵانی داهاتوودا بە هەمان ئاراستە بەردەوام بێت، ئەوا گۆڕانەکە تەنها لە فەرماندەیی و یەکە سەربازییەکاندا نامێنێتەوە, بەڵکو دەگاتە ژیانی ڕۆژانەی پێشمەرگە و پەروەردە و راهێنان و دیسپلین و شێوازی خزمەت و هەستی ئینتیمای دامەزراوەیی.

ئەمه‌ش دەتوانێت بە هێواش و بەردەوامی گۆڕانێکی قووڵ دروست بکات, لە پێشمەرگەیەکی یەکخراوەوە بۆ پێشمەرگەیەکی تەواو نیشتمانی, ئەو ڕۆژەی پێشمەرگە لە هەر شوێنێکی کوردستان خزمەت بکات، بە هەمان یاسا و هەمان سیستەم و بە هەمان هەستی بەرپرسیارێتی, ئەوا یەکخستنەوە تەنها ناوی پرۆسەیەک نابێت, دەبێتە بەشێک لە کەلتووری نوێی کوردستان.

ئەم هەنگاوە هەروەها دەتوانێت متمانە بە دامەزراوەکانی هەرێم بەهێزتر بکات و پێشمەرگە وەک هێزێکی پیشەیی و مۆدێرن و یەکگرتوو پێگەی خۆی لە سیستەمی بەرگریی عێراق و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکاندا بەهێزتر بکات.

بۆیە، نابێت ئەمڕۆ تەنها بە کۆتایی پرۆسەیەک بڕوانین, دەبێت وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێی دامەزراوەسازی سەیری بکەین, قۆناغێک کە ئەگەر بە هەوڵی بەردەوام و یاسا و ئیرادەی جددی بەڕێوەبچێت، دەتوانێت لە چەند ساڵی داهاتوودا پێشمەرگە بگۆڕێت بۆ هێزێکی تەواو نیشتمانی و پیشەیی و متمانەپێکراو, هێزێک کە قەڵای پاراستنی هەموو کوردستان بێت.

پێشمەرگە مێژووی خەباتی کوردستانی نووسیوە, ئێستا نۆرەی ئەوەیە بە دامەزراوە و یەکگرتوویی، پەڕەکانی داهاتووی ئەو مێژووە بنووسێتەوە.
ئەمڕۆ یەکخستنەوەیە سبەی دامەزراوەییبوونە و دواتر سوپای نیشتمانیی کوردستان.