بە هاوکاری زانکۆی سەلاحەدین – هەولێر بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی پەکین لە وڵاتی چین کرایەوە.

سامان عەبدوڵلا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە زێیێ بادینان ڕایگەیاند زانکۆی سەلاحەدین – هەولێر هاوکار و هەماهەنگی سەرەکی کردنەوەی بەشی کوردییە لە زانکۆی پەکین لە چین .

زانکۆی سەلاحەدین – هەولێر لە چوارچێوەی کارە ئەکادیمییەکان و پەیوەندییە هاوبەشەکانی لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتانی جیهان هەماهەنگە بۆ کردنەوەی بەشی کوردی لە زانکۆی پەکین.

جێگای باسە ئەم بەشە لە چوارچیوەی پڕۆگرامی خوێندنە بیانییەکانە و ئەمەش دەبێتە یەکەم بەشی کوردی لە تەواوی وڵاتی چین.

لەگەڵ ئەوەشدا زانکۆی سەلاحەدین – هەولێر لەسەر ئاستی عێڕاق یەکەم بەشی زمانی چینی کردۆتەوە و لە ئێستادا ئەو بەشە قوتابی و دەرچووی هەیە.

لە ماوەی ڕابردوو “ پ.د.کامەران یونس” سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین – هەولێر پێشوازی لە کونسوڵی وڵاتی چین و سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی پەکین کرد، سەرۆک بەشی ناوبراو ماوەی ٤ مانگ لە زانکۆی سەلاحەدین مایەوە و خولی ئەکادیمی سەبارەت بە زمانی کوردی وەرگرت و بەشداری ژمارەیەک چالاکی زانکۆی کرد.