لەمێژە لە تاقیکردنەوەکاندا تێپەڕیوون….


رێبوار حەمەلاو شوانى
لەمێژووى خەبات سیاسى و سەربازى و دەوڵەتدارى هەر گەل و نەتەوەیەکى سەر ئەم جیهانەدا ، سەرکردە بڵیمەت و بەهێز و راستەقینەکان لە کاتە سەختە و پڕ هەوراز و نشێوەکاندا تاقی دەکەڕێنەوە ، گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى ڕەسەن ، خاوەن پاشخانێکى مێژوویی پڕ سەروەرى و شانازییە لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو بەدیهێنانى خەون و ئامانج و مافەرەواکانى ، چەندین شۆڕش و ڕاپەڕینى بەرپاکردووە ، خاوەن قوتابخانە و ڕێبازى کوردایەتییە ، بەتایبەت بە هەڵدانەوەى لاپەرەکانى مێژوویی بارزان وڕێبازى بارزانى ، شوێنى پێگەیاندنى چەندین سەرکردە و رابەڕى مێژوویی نەتەوەکەمان بووە ، بەکردەوە و بەڕۆحێکى کوردپەوەرى و نیشتیمانپەوەرییەوە تا گەیشتن بە قۆناغى ئێستاى خەباتى شارستانى و دیموکراسى و حکوومڕانى گەلەمان لەم بەشەى کوردستان بەردەوامە و هیچ ئاڵنگاری و پیلانگێرى و هێرش و پەڵاماردان و قەیران و سیناریۆ قێزەوەنەکان نەیتوانیووە کاروانى خەبات بوەستێنێت بەڵکو هەردەم بەهێزتر لە جاران وەک چیاییەک وەستاوەتەوە
بەتایبەت ئەگەر هەڵوەستەى ورد و سەرنجمان بخەینە سەر رووداو و پێشهاتەکانى ئەم چەند ساڵەى دواییدا و بەتایبەت 7 ساڵى رابردوو ، هەنگاوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرکردایەتى مەسروور بارزانى ، بە کردەوە بەرامبەر هەموو کێشە سیاسى و دارایی و ئابوورى و ئەمنى و سەربازییەکان و قەیرانە ناخۆییەکان سەلمێنەرن کە دوژمنان و نەیارانى کوردستان هەمیشە لە بۆسەدان بۆ ئەوەى کاروانى ئەم سەرکردە کۆڵنەدەر و خۆڕاگرە بوەستێنن ، ئێستاش بەوەشەوە نەوەستان ، کاتێک بە مووشەک و درۆن نووسینکەى سەرۆکى حکوومەتى کوردستان و شوێنى حەوانەى دەزگەى پاراستن و هەواڵگرى نامەردانە دەکەنە ئامانج ، ئەوەش ئاماژەیە بەو راستییەى کە کە نەیارانى قەوارەى هەرێمى کوردستان پێگەى مەسروور بارزانى وەک قووڵایی پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیی و نیشتیمانى دەبینن ؛ ئەمەش وادەکات کە پێگەى سیاسیی بارزانى لە چوارچێوەى حزبى دەربچێت و ببیێتە پێگەیەکى سەروەرى نیشتیمانى ، ئەوەش بەکردەوە لە هەنگاوەکانى بەرامبەر بە گەل و نیشتمانەکەى سەلمێنراوە ، ئەوەش ئاماژەیەکى روونە بەو راستییەى کە کوردستان پێوستى بە بەرگریی ستراتیژییە بۆ داهاتووى کوردستان
ئەوەى لە ئێستادا دەبینرێت ، هەڵشکانى گڕژییەکانە لە عێراق و بەردەوامى دەستوەردانى ئێران و بەکارهێنانى میلیشیاکانە و بێ توانایی دەسەڵاتى بەغدایە بۆ چەککردنى میلیشیا نایاسایی و وەلائییەکانە ، ئەوەش رەوشێکى خراپى لە ڕووى ئەمنى و سەقامگیرى بۆ هەموو ناوچەکە و بەتایبەتى هەرێمى کوردستان هێناوەتە ئاراوە ، هێرش و پەڵاماردانى سەر نووسینگەى سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانى پێشهاتێکى مەترسیدارە و پێوستە بەخێرایی مامەڵە لەگەڵ ئەو پەیامەدا بکرێت ، ئەگینا ئەم جۆرە سیاستە بێلایەنییە و تەنها لە چوار چێوەى بەیاننامە و خۆدرووخستن نەک هەر گرژییەکان زیاتر دەکەن ، دۆخێکى نائارام لە کوردستان وناوچەکەش دێنە ئاراوە
وێراى ئەوەى هەڵوێستى سەرکردایەتى سیاسى کوردستان ، هەمیشە لە پێناو ئاشتى و ڕاگرتنى هاوسەنگى و تێوەنەگلانە لە شەڕ و نائارامییەکانى ناوچەکەدا ، بەڵام هێرش وپەلامارە درۆنییەکان ئێران و میلیشیاکانى لە عێراق بۆ سەر خەڵکى کوردستان و شوێنە ئابوورى و سڤیڵەکان ، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت ، ئەوە پەیوەندى بە سەروەرى و شکۆى هەموو خەڵکى کوردستان و عێراقیشەوە هەیە ، بۆیە ئەوەى ئێران دەیکات دوور لە هەموو نەریتێکى مرۆڤدۆستى و دراوسێتى و پێشێڵکردنى سەروەرى کوردستانە ، چونکە ئەم جارى یەکەم نییە ، بەڵکو چەندین جارە بە درۆ و چەواشەکارى چەند بارە دەبێتەوە ،
بەڵام گرنگە دوژمنان و نەیارانى ئەم گەل و نیشتیمانە و بەتایبەتى بارزانى بزانن ، ئەم فشارە دەروونى و سیاسییانە لە مێژە بەسەر گەلى کوردا تاقیکراوەنەتەوە ، بچن مێژوو بخوێنەوە ، گەلى کورد ، دەیان جار تاقیکردنەوەى سەختى تێپەڕاندووە ، ئەوەى ئێستاى ئێرا دەیکات ، لەمێژە گەلى کورد پێیدا دەرباز بووە ، ئێستا کوردستان ئێتر گەیشتۆتە لووتکەى هاوکێشە جیوسیاسییەکان ناوچەکە و بارزانى سەرکردەیەکى مێژووییە و هەڵگرى دۆزى رەواى نەتەوەیەکە ، کە بە پیلانگێرى ناوخۆیی و هەوڵى تیرۆرکردنى سەرکردە کوردەکان و تێکدانى سەقامگیرى نێو ماڵى کورد ناوەستێت
……………………………………………………..