بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان
هێرشە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئامانجە مەدەنی و ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان، پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکانە. بەپێی ماددەی (٢) بڕگەی (٤) لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستوەردان و بەکارهێنانی هێز یان هەڕەشە لە دژی سەربەخۆیی و سەروەریی خاکی هەر دەوڵەتێک بە تەواوی قەدەغەکراوە.
ئەم ڕەفتارانە بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتی دەخەنە سەر شانی ئێران. بەپێی ڕەشنووسی ماددەکانی بەرپرسیاریەتی دەوڵەتان لە بەرامبەر کردەوە نایاساییەکان (دەستەی یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان – ILC 2001):
- ماددەی (١): هەر کردەوەیەکی پێچەوانەی یاسای نەتەوەیی لەلایەن دەوڵەتێکەوە، بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە.
- ماددەی (٣١): دەوڵەتی سەرپێچیکار پابەند دەکات بە قەرەبووکردنەوەی تەواوەتی هەموو ئەو زەرەر و زیانە ماددی و مەعنەوییانەی کە بەهۆی کردەوە نایاساییەکەیەوە بەردەکەون.
جگە لەوەش، ئامانجگرتنی ناڕەوا و زیانگەیاندن بە ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی پێشێلکردنی جدی ماددەی (٥١) و (٥٢) لە پرۆتۆکۆلی یەکەمی پاشکۆی کۆنڤێنسیۆنەکانی ژنێڤ (١٩٧٧)یە، کە جەخت لە سەر پاراستنی ناوچە و کەسانی مەدەنی لە کاتی ململانێکاندا دەکەنەوە.
ئێران ناتوانێت سوود لە بڕگەی بەرگری لە خۆ (Self-defense) ماددەی (٥١) لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکاربهێنێت، چونکە بەکارهێنانی هێز لەم حاڵەتەدا مەرجەکانی پێویستی (Necessity) و هاوسەنگی (Proportionality) تێدا نییە. لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستە لە ڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگا نێودەوڵەتییەکانەوە بەدواداچوونی یاسایی بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و وەرگرتنەوەی قەرەبووی زیانەکان.









