“ئۆپۆزسیۆن بە حەماسەتی رووخان، نەک رەخنەو پێشنیاری بونیادنەر”
∎ بێستوون ساڵەیی
لە سیستەمە دیموکراسییە پێشکەوتووەکاندا، ئەرکی ئۆپۆزسیۆن تەنها دژایەتیکردنی حکومەت نییە. بەڵکو ئەرکی سەرەکیان چاودێریکردن و هەڵسەنگاندن و پێشکەشکردنی جێگرەوەی باشترە. بۆیە لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو کاتێک حکومەت پرۆژەیەکی بەسوود بۆ هاوڵاتیان دەخاتە واری جێبەجێ کردنەوە، زۆرجار ئۆپۆزسیۆن پشتگیری دەکات یان هەوڵ دەدات چاکسازی تێدا بکات، نەک بە شێوەیەکی ڕەها و هەر لە سەرەتاوە دژی بێت.
بۆ نموونە، لە وڵاتانی وەک سوید، ئەڵمانیا، نەرویج یان بەریتانیا، زۆر جار حزبە جیاوازەکان لەسەر بابەتە گەورەکان ئەوانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە تاکەکانی کۆمەڵگەوە هەیە و خاڵی گرنگ بەرژەوەند گشتی بێت وەک تەندروستی، پەروەردە و ئاسایشی نیشتمانی هاوکار دەبن و پێشنیار بۆ باشترکردن دەخەنەڕوو، هەرچەندە زۆربەی کات لەسەر شێوازی جێبەجێکردن یان دابەشکردنی بودجەش ناکۆکن.
بەڵام لە هەندێک وڵات وەکو وڵاتەکەیئێمە کە کەلتووری سیاسی هێشتا بە تەواوی پێنەگەیشتووە، زۆربەی جار ئۆپۆزسیۆن هەموو شتێک بە چاوی ململانێی سیاسی دەبینێت. بۆیە لەم دۆخەدا زۆربەی کاتەکان ئۆپۆزسیۆن هەر پرۆژەیەکی حکومەت بە بە گومان و تا ئاستی دژایەتییش دەوەسێتەوە، چونکە پێیانوایە حکومەت دەتوانێت لە ڕێگای ئەو پرۆژانەوە پشتیوانیی خەڵک بەدەستبهێنێت. بۆیە لێرەدا دەبینین مامەڵەو هەڵسوکەوتی حزبی ئۆپۆزسیون بۆ باشەرکردن نییە بەڵکو شەڕێی بەردەوامی دستکەوتە و ڕەخنەکاایان ڕەخنەی ڕووخوێنەر و دژایەەییە نەک بونیادنان.
لە دیدگای تیۆرییەوە ئۆپۆزسیۆنی سەرکەوتوو ئەوەیە کە:
. پرۆژە باشەکان پشتگیری بکات.
. پرۆژە خراپەکان یان کەموکورتییەکان ئاشکرا بکات.
. جێگرەوەی باشتر پێشکەش بکات.
. بەرژەوەندیی گشتی بخاتە سەر بەرژەوەندیی حیزبی.
ئەگەر ئۆپۆزسیۆن تەنها بۆ دژایەتیکردن دژی هەموو شتێک بوەستێت، ئەوا لە ئەرکی سەرەکیی خۆی دوور کەوتووەتەوە.
پێوەری باش و تەندروست لە رەخنەگرتندا بۆ حزبی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە کە نەک “کێ پێشنیاری کردووە”، بەڵکو ئۆپۆزسیۆن دەبێت بەدوای ئەوەدا بێت کە ئایا پرۆژەکە بەسوودە بۆ خەڵک یان نا.. یاخود بە شفافی و کارامەیی جێبەجێ دەکرێت یان نا.
بۆیە دەبینین لە دیموکراسییە پێشکەوتووەکاندا باشترین ئۆپۆزسیۆن، ئەوە نییە کە هەمیشە دژی حکومەت بێت، بەڵکو ئەوەیە کە هەمیشە لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیدا بێت، واتە جارێک بە پشتگیری و جارێک بە ڕەخنەی بونیادنەر…









