وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕێکارەکانی قەدەغەی هاوردەی تەماتە توندتر دەکات

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختی لە توندکردنەوەی ڕێکارەکانی ڕێگریگرتن لە هاتنی بەرهەمی تەماتە لە ڕێگەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانەوە کردەوە، و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم بڕیارە بەهۆی زۆریی بەرهەمی ناوخۆییەوەیە.


وەزارەت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هاتنی تەماتەی لە هەرێمی کوردستانیشەوە قەدەغە کردووە، و ئاماژەی بەوە کرد کە لەم ماوەیەی ئێستادا هیچ بەرهەمێکی تەماتە لە هەرێمدا نییە.


پێشتر وەزارەتی کشتوکاڵ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانەوە ڕاگەیاندبوو، ئەمەش بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و پاراستنی سامانی ڕووەکی و ئاژەڵی لە نەخۆشییەکان.

ئەم قەدەغەکردنە بە شێوەیەکی کاتی و بەپێی “ڕۆژژمێری کشتوکاڵی” و لەسەر بنەمای تێربوونی بازاڕ بە بەرهەمی ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت.