کۆبوونەوەی جەنابی (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوک-گەرمیان-خانەقین.

ئەمڕۆ ٨ی ئابی ٢٠٢٦ جەنابی سەرۆک بارزانی ڕابەری نیشتمانی و مەرجەعی گەلی کوردستان، لەگەڵ هەڤاڵانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان-خانەقین کۆبووەوە، کە هەریەک لە بەڕێز (هیوا ئەحمەد مستەفا) ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتیمان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان-خانەقین، و یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و بەرپرسی لقە تێکۆشەرەکانی (٣- ١٥-١٩- ٢٢ – ٢٥) و ئەندامانی فراکسیۆنی پارتیمان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا، جگە لە تاوتوێ کردنی بارودۆخی گشتی، سەرۆک بارزانی، ڕێنمایی پێویستی بۆ هەڤاڵانی سنورەکە خستەڕوو، بە تایبەت بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی کاروباری حزبی و ڕێکخستنەکان.

هەروەها جەنابی سەرۆک بە گرنگیەوە باسی لە ماددەی ١٤٠ی دەستووری فیدرالی عیراق کرد و پێداگری نیشاندا لەسەر گرنگی ئەم ماددەیە و ڕژدبوون لەسەری بەمەبەستی جێبەجێکردنی.

هەروها جەنابی سەرۆک پێداگربوو لەسەر پاراستنی یەکڕیزی و برایەتی نێوان هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک بە کورد، عەرەب، تورکمان، و کریستنیانەکان و هەموو پێکهاتەکانی تری شارەکە. وە هەوڵبدرێ کەرکوک ببێتە شارێکی جوان و نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە.

جەنابیان زۆر جەختیکردەوە لەسەر یەکڕیزی گەلی کورد لە کەرکوک، وە دەستی واڵاکردین بۆ نزیکتربوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیە کوردیەکان و هاوێشتنی هەر هەنگاوێکی پێویست بۆ یەکگرتووترکردنی ڕیزەکانی کورد لە کەرکوک.

ئەم دیدارە پەیامێکی ڕوونە کە کەرکووک و گەرمیان خانەقین و دوزخورماتوو و گشت ناوچەکان لەجێگای بایەخ و خەمخۆریی بەردەوامی سەرۆک بارزانین، وە پاڵپشتییەکی گەورەشە بۆ هەڤاڵانمان تا بە گوڕوتینێکی زیاترەوە داکۆکی لە مافەکانی خەڵک بکەن .