وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: بەمزووانە گەرووی هورمز دەکرێتەوە و ئاگربەست ڕادەگەیەنرێت

سکۆت بێسێنێت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا دەکرێتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا ئاگربەستێکی 30 بۆ 60 ڕۆژە لەگەڵ ئێران مۆر دەکرێت.

بێسێنێت جەختی کردەوە کە فشاری دارایی سەر تاران گەیشتووەتە ئاستێکی وا کە وڵاتەکە چیتر توانای پێدانی مووچەی سەربازەکانی نەماوە.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە گەمارۆ ئابووری و دەریاییەکان بوونەتە هۆی خنکاندنی ئابووری ئێران، بە جۆرێک کە ڕێژەی هەڵاوسان لە نرخی خۆراکدا گەیشتووەتە نێوان 150% بۆ 180%.

بە وتەی بێسێنێت، ئەم دۆخە دژوارە تاران ناچار دەکات بە شێوەیەکی فەرمی پابەندی مەرجە سەربازی و دیپلۆماسییە نوێیەکان بێت بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە داراییە توندەی ڕووبەڕووی بووەتەوە.