کەرکووکى کوردستان ومادەى140 بە حەزوخەونى گورگە بۆرە فاشیزمەکان هەڵناوەشێتەوە
رێبوار حەمەلاو شوانى
کەرکووک ئەو شارە کوردستانییە لەمێژییەیەى گەلى کوردە ، کە لە پێناو پارێزگاریکردن لە ناسنامە و ڕەسەنایەتى وڕێگریکردن لە گۆڕین و تواندنەوەى داگیرکەرانى کوردستان ، دەریاییەک خوێنى بۆ بەخشراوە ، بۆیە قسەیەکى پڕپووچ و بوون و نەبوونى ماددەیەک تۆزقاڵێک کاریگەرى لەسەر خەونى سڕینەوەى کوردستانیبوونى نەکردووە و ناکات
ئەو جۆرە بیرکردنەوە و لێدوانەى نالۆژیک و فاشیزمانەیەى محەمەد سەمعان، پارێزگارى کاتى کەرکووک ، نەک هیچ جیاوازییەکى لەگەڵ بیرکردنەوە دوژمنکارانەکانى بەعسیەکان و داگیرکەرانى پێشووتر نییە ، بەڵکو بە تێروانیی گورگە بۆرەکانى تورکى فاشیزمى ، دەستبەرزکردنەوەى وەک ڕەمزى ئەو گروپە نەژادپەرەستە دژ بە کوردوکوردستان وکەرکووکە
پارێزگارى کەرکووک بە لۆژیک و بۆچوونە فاشیزیمانەکەى کە گوایە شتێک بەناوى ماددەى 140ى دەستوور بوونى نەماوە ئەوە وایە ، راستەوخۆ سووکایەتى و نکۆڵى لە ئیرادەى ملیۆنان خەڵک بکات و بسڕێتەوە ، پێدەچێت سەمعان ئاغا لە بیرى چوو بێتەوە کە بەڕێککەوتنى ژێر بە ژێرى و گوماناوى لە ئوتێڵى ڕەشید و بە فەرمانى ئاغاکانى بووە بە پارێزگار، ڕەنگە تا ئێستاش خۆى پێى سەیر و لە شۆکدا بێت کە چۆن بەو خێراییە بووە پارێزگارى کەرکووک
دیارە سەمعان هیچ دەستوورى نەخوێندۆتەوە ، یانیش پێشێڵکردنى دەستوور بووەتە کارێکى ئاسایی رۆژانە ، جوڵە و کردەوەکانى زۆرتر وەک هاووڵاتییەکى تورک و لە ژێر فەرمانى ئاغا دراوسێیەکانێتى نەک کەرکووک و وەک عێراقییەک ، ئینجا بانگەوازى بۆ نەمانى ماددەى 140 گومانەکان لەسەرى زیاتر دەکات ؛ باشترە بچێت بڕیارى71 و 103ى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى لە ساڵى 2019 ، وەڵامى هەموو سەمعانییەکانى داوەتەوە،بەوەى کە ، ماددەى 140ى دەستوورە کارایە و کارى پێدەکرێت تا هەموو قۆناغەکانى ئاساییکردنەوە،سەرژمێرى، راپرسى جێبەجێ دەکرێن
دەستوور بە قسەى فاشیزمى نامرێت ، بڕیارى دادگاش بە خەون وحەزبى سیاسى هەڵناوەشێتەوە ؛ پێدەچێت جگە لە کەشوهەواى تورکیا و خەونى فاشیزم و دژە کوردەکان ، ئاگاتان لە دەستوور و ماددەکانى نەبێت ، ئەگەر هەڵوەشاندنەوەى ماددە دەستوورییەکان ئەوەندە ئاسان بووایە ، بە قسە و بانگەشەى هەندێک لایەن بووایە ، لەمێژ بوو شتێک بەناوى عێراقى فیدڕاڵى و دەستوورى و پێکەوەژیان بوونى دەما
بۆیە ،ئەرکى هەموو ماددە دەستوورییەکان ، بۆ ڕێکخستنى کاروبارى وڵات و سیستەمى حکومڕانییە ، مافى هاووڵاتیان و ڕێکخستنى پەیوەندى نێوان دەوڵەتى فیدڕاڵییە لەگەڵ هەرێمى کوردستان وەک تاکە هەرێم و ئینجا پارێزگان ؛ ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە ناو بەناو دەبیسین هەندێک کەس و لایەنى شۆڤێنى یانیش ناشارەزا سەبارەت بە دەستوور و بەتایبەتى ماددەى 140ى دەستوورى هەمیشەیی عێراق ، دهۆڵى ئەوە دەکوتن کە گوایە ئیتر ئەو ماددەیە کارى پێناکرێت و هەڵوەشاوەتەوە و کاتى بەسەر چووە ، بۆیە ، ئەم جۆرە لێدوانانە نەک هەر نایاسایی و نادەستورین بەڵکو سەڕچاوەکەى لە ڕق وکینەى شۆڤێنییەکانەوەیە کە خزمەت بە پێکەوەژیانى ئاشتیانە لە نێو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین وئایینزاکانى شارەکە ناکات
دەبێ هەموو فاشیزم و دژە کوردوکەرکووکییەکان ئەو راستییە بزانن ، ماددەى 140 دەستوورى هەمیشەیی عێراق یەکێکە لەو ماددانەى کە هەروا ئاسانییە تا بگۆڕێت و بسڕیتەوە و نەمێنێت و بە قسە و بانگەشەیەک کۆتایی بە ئەرکەکانى بێت ، دەبێ زۆرینەى خەڵکى عێراق بە کوردستانیشەوە ڕیفراندۆمى لەسەر بکرێت ئینجا هەمووار بکرێتەوە ، ئەوەش ئەستەمە و ناکرێت ، تەنها لە ئەگەرى کودەتایەکى سەربازى ئەگەرى هەڵوەشاندنەوەى بڕگە دەستوورییەکان دەکرێت ؛ دەبێت ئەو راستییەش بزانرێت، جێبەجێکردنى ماددەى 140ى دەستوور ، نەک تەنها لە بەرژوەندى گەلى کوردە بەڵکو لە بەرژوەندى هەموو عێراقییەکان و کلیلى چارەسەرى ناکۆکییە بنەڕەتییەکانى نێوان بەغدا و هەولێرە ، لە هەمانکاتیشدا چارەسەرى زۆرێک لە ناکۆکییەکانى پارێزگاکانى دیکەى عێراق دەکات
بۆیە ، بانگەشەى هەڵوەشاندەوەى ماددەى 140 دەستوور زۆر لە سەمعان ئاغا گەورەترە تا بیهەوێت بە قسە و گووتەیەکى سیاسى فاشیزمى بانگەوازى بۆ بکات ، هەروەها دەبێت ئەو راستییەش بزانرێت ، دەستوور بەیاننامەیەکى سادە نییە تا بە ووتەیەکى میدیایی ئاراستەکراو و قورمیشکراو بە سەر سەمعاندا پاشگوێ بخرێتەوە هەڵبوەشێتەوە ، ئەو ماددەشە لە چوارچێوەى دەستوورى هەمیشەیی عێراقدا بە زیندوێتى ماوەتەوە و هیچ بڕیارێکیش بۆ نەهێشتن و هەڵوەشاندنەوەى لە ئارادانییە ، ئەوەى بانگەشەى هەڵوەشانەوەى بۆ دەکات ؛ تەنها لەبیرى فاشیزمى دژە کوردو کەرکووکییەکانەوە سەرچاوەى گڕتووە نەک دەستور و مادەى 140 بە حەز و خەونى گورگە بۆرە فاشیزمەکان هەڵناوەشێتەوە و ئەوەى لە هەڵسووکەوت و ووتەکانى سەمعان ئاغا دەبیسرێت و دەبینرێت ، وەک پارێزگارى کەرکووک نییە، بەڵکو پارێزگارێکى تورک وپەیرەوکارى دراوسێ!









