کاک مەسرور ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن بەڵام!!!

جارێک وتم جەنابی کاک مەسرور، فڵان بابەت ئەگەر چارەسەر بکرێت دەکرێ سودی هەبێت لە هەڵبژاردن،وتی تۆ بەجدیتە داوای چارەسەری شتێک دەکەی بە قاچاخ داخڵکراوە لە سنوورەکان،قەت شتی وا باس مەکەن کە ئەزانن لەگەڵ مەبادیئی ئێمە یەک ناگرێتەوە، هەتا ئەگەر هەزاران دەنگیشی پێ بەدەست هات،ئێمە بە ڕێگای ڕاست و خزمەت و پڕۆژە دەنگ کۆدەکەینەوە نەک شتی دیکە، ئەی چۆن جیاواز بین لە خەڵکی دیکە.

ئەم بابەتەم بۆچی باس کرد؟ کاک مەسرور لەنزیکەوە پیاوێکی زۆر ئارام و میهرەبانە،هەمیشە بە بەرپرسەکان دەڵێت ڕێزی خەڵک بگرن،لەگەڵ خەڵک باشبن،خەڵک نەبێت ئێوە کێن؟،لە ماوەی کابینەکەیدا بەبێ قسەو باس، ژمارەو داتا پێمان دەڵێن چی کردووەو چۆن ئەم هەرێمەی بردە قۆناغێکی دیکەو خەڵک لەهەموو شوێنێک ئەم شاهێدییە دەدەن.

کاک مەسرور حەزی بە ڕێککەوتن و دانوستانە دەرگای کراوەیە بۆ چارەسەرو ڕێکەوتن،بەڵام توندە لەگەڵ ئەوانەی بە ڕۆژی ڕوناک خەڵک تیرۆر دەکەن،سیاسی زیندانی دەکەن و ڕۆژنامەنووس دەکوژن و ئازاری سەرۆک حزب دەدەن و ناچاری دەکەن بە ڕێکەوتن،کاک مەسرور دژی قاچاخییە،دژی کارگەی ماددەی هۆشبەرە،دەیەوێت داهاتی شارەکان بۆ خۆیان بێت و بۆ خزمەتی خەڵک بێت،دەیەوێت هێزی ئەمنی لەبری ئاگرباراندن بەسەر خەڵکی کورد زمان و پێشێلکاری مافی مرۆڤ و تەعزیبی خەڵک و کاری نامرۆڤانە لە زیندانەکان، خزمەتکارو پارێزەر بێت وەک هەمیشەو بەو جۆرەی ناوبانگی هەیە،کاک مەسرور دەستی هاوکاری و پاڵپشتی درێژە بۆ ئەوانەی لەخەمی نیشتیمان و کوردایەتین و باوەش بۆ میللەتی خۆیان دەکەنەوەو خەمی ئەم خەڵکە دەخەنە سەر شانییان نەک ببنە ئازارو بارگرانی بۆ خەڵک.

کورد گوتەنی هەزار قسە بەقوربانی کردارێک بن،کاک مەسرور خۆی پیاوێکی بێدەنگ و ئارامەو حەزی بە هەڵا نییە بۆ ئەوەی کردوویەتی و دەیکات وەک ئەرکی سەرشانی،بەڵام کردارەکانی دەنگ و سەدایان لەگوێی هەموو خەڵکی کوردستانە.

پێشەوا هەورامانی