هەولێر.. بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگە پارکێکی مۆدێرن لە گەڕەکی نووسەران کرایەوە

زێیێ بادینان

لە گەڕەکی نووسەرانی شاری هەولێر پاڕکێکی مۆدێرن بە ڕووبەری زیاتر لە 3 هەزار مەتر دووجا کرایەوە.

ئەمڕۆ شەممە 6ـی حوزەیران، لەژێر چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان و کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگەوە لە ڕێورەسمێکدا لەسەر ڕووبەری  3 هەزار و 132 مەتر دووجا پارکێکی مۆدێرن لە گەڕەکی نووسەرانی شاری هەولێر کرایەوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا پارێزگاری هەولێر وێڕای پیرۆزبایی لە دانیشتووانی گەڕەکە و دەستخۆشی لەم هەنگاوە، پڕۆژەکەی بە بەرز نرخاند و تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر و پاککردنەوەی هەوای شارەکە لە ڕێگەی ئەو ڕێوشوێنە فەرمییانەی کە لەماوەی ڕابردوودا گیراوەتەبەر.

هەروەها ئاماژەی بە گرنگی پڕۆژەی ڕووناکی دا وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی گرنگ و کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان، کە کاریگەرییەکی ئێجگار زۆر گەورە و بەرچاوی هەبووە لە کەمکردنەوەی پیسبوون و پاککردنەوەی ژینگەی شارەکە.