سیاسەتی چەوت قەوارەکەمان بەرەو نەمان دەبات …
سیاسەتی چەوتی ڕێگری کردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و تەگەرە خستنە بەر دەم دروستکردنی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە خزمەتکردن و جێ بەجێکردنی بەرنامە و سیاستی دوژمنانی قەوارەی هەرێمی کوردستان، چ سودێک بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەمان دەگەێنێت؟
ڕاستە کەسانێک کە ئەمڕۆ دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست بەردی سارد و گەرم نەهاتۆتە سەر ڕێیان و لە پڕێک بوونەتە کوڕێک و دەسەڵاتیان کەوتۆتە دەست و هاتوونەتە سەر حازری بەڵام دەبێ بزانن کە نەتەوەی کورد زۆر زیاتر لە نرخی بوون بە دەوڵەت خوێنی بەخشیوە، بە سەدان هەزار قوربانی داوە، توشی چەندەها زوڵم و چەوسانەوە و زیندان و کوشتن و بڕین و کۆمەڵ کوژی و جینۆساید بۆتەوە لە پێناو ڕەتکردنەوەی ژێر دەستی و داواکردنی مافەکانی و ئازادی دا، تا گەیشتووین بە ئەمڕۆ!
دەی ئاخر چۆن دەبێت ئێستا دوای ئەو هەموو بەشمەینەتیەی و هەوڵ و ماندووبونەی گەلەکەمان کە توانراوە نیمچە کیانێک دروست بکەین کە جێگەی ئومێدی هەموو کوردێکی بە شەڕەفە لە سەرانسەری جیهان، کەچی تۆ بێی و بە ئارەزووی خۆت لە پێناو پلە و پۆست و دەستکەوتی ماددی وە بە دەست لە پشت دانی دوژمنانی ئەم کیانە هەوڵی لە ناوبردنی بدەی!
ئەو سیاسەتە چەوتەی ئێستای سەرۆکی یەکیەتی پەیڕەوی دەکات لە ڕێگری کردن لە کارا کردنەوەی پەرلەمان و دروست کردنی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، کاتێک گونجاو دە بوو ئەگەر کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوایە،ئەو کات نەک هەر ڕێگری گەر کودەتای سەربازیشی بکردبا هەر وەک چۆن بەسەر ئامۆزاکانی دا کردی زۆر ئاسایی دەبوو چونکە هیچ مەترسیەک لەسەر نەمانی دەوڵەت دروست نەدەبوو وەک ئەوەی ئێستا لەسەر کیانەکەمان هەیە،
پەیڕەوکردنی سیاسەتی چەوت و ڕێگە گرتن لە کارا کردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ لەو هەل و مەرجە هەستیارەی ناوچەکە هەرێم دەخاتە مەترسی لە ناوچوون.هەر بۆیە زۆر گرنگ و پێویستە کە کورد یەک دەنگ و یەک هەڵوێست و یەکگرتوو بێت تا لانی کەم بتوانین ئەوەی هەمانە لە دەستی نەدەین و بتوانین بیپارێزین.
هێدی قەڵادزێیی
٢٠٢٦/٦/٦









