ڕۆژی جیهانیی پشیلە؛ مێژوو، داتای جیهانی و ڕەهەندە ژینگەیی و ڕەوشتییەکان.
ڕۆژی جیهانیی پشیلە بۆنەیەکی نێودەوڵەتییە کە ساڵانە لە ٨ی ئاب لە سەرانسەری جیهاندا یادی دەکرێتەوە.
ئەم بۆنەیە لەلایەن سندوقی نێودەوڵەتی بۆ خۆشگوزەرانی ئاژەڵان (IFAW)ـەوە لە ساڵی ٢٠٠٢، بۆ یەکەمجار ڕێکخرا و جێگیرکرا، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگاکان سەبارەت بە ئاژەڵە ماڵییەکان، چۆنیەتیی مامەڵەکردنی دروست لەگەڵیاندا، و مسۆگەرکردنی پاراستن و مافەکانیان.
ئەم ڕۆژە هەروەها دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بەو ئازار و پێشێلکارییانەی کە بەهۆی هەڵسوکەوتی نەگونجاوی مرۆڤەوە ڕووبەڕووی ئەم بوونەوەرە بێتاوانانە دەبنەوە، بەتایبەت ئەو پشیلە ماڵییانەی پشتگوێ دەخرێن یان تووشی توندوتیژی دەبن.
داتا و ئامارە جیهانییەکانی تایبەت بە پشیلە.
پشیلە یەکێکە لە باوترین و ناسراوترین ئاژەڵە ماڵییەکان لە جیهاندا، و مێژووی بەخێوکردنی لەلایەن مرۆڤەوە بۆ مەبەستی هاوڕێیەتی، کۆنتڕۆڵکردنی ئافاتەکان، یان تەنانەت لە هەندێک سەردەمی کۆندا بۆ ڕێوڕەسمی ئایینی دەگەڕێتەوە.
ژمارەی گشتی، خەمڵاندنە جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی پشیلەکان لە نێوان ٢٠٠ ملیۆن بۆ زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن پشیلە (ماڵی و بێلانە) دەبێت.
ڕیزبەندیی وڵاتان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆرترین ژمارەی پشیلەی هەیە لە جیهاندا، و لە دوای ئەویش وڵاتانی چین و ڕووسیا دێن.
داتاکانی ئەمریکا.
لە ساڵی ١٩٨٥ـەوە ژمارەی پشیلەکان لە ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە سەگەکان تێپەڕی.
نزیکەی 30.4%ی ماڵەکانی ئەمریکا خاوەنی پشیلەن، بە تێکڕای 2.2 پشیلە بۆ هەر ماڵێک.
توێژینەوەکان دەریدەخەن کە نزیکەی 31%ی پشیلەکان لە پەناگەکانی ئاژەڵانەوە وەرگیراون، لەکاتێکدا تەنها بەشێکی کەم لە فرۆشگاکان کڕدراون.
هۆکارەکانی بەخێوکردن و ڕەهەندە تاریکەکانی مامەڵەی مرۆڤ.
هەرچەندە زۆرینەی خەڵک پشیلە وەک هاوڕێیەکی ماڵی بەخێو دەکەن، بەڵام لە هەندێک ناوچەی جیهاندا بەکارهێنانی ئەم ئاژەڵە ڕەهەندێکی دیکەی مەترسیدار بەخۆیەوە دەبینێت.
پیشەسازیی موو و پێست، بەداخەوە لە هەندێک وڵاتدا وەک چین و سویسرا، پشیلە بۆ مووەکەیان سەردەبرێن، لە سویسرا لە رابردوودا مووی پشیلە بۆ دروستکردنی بەتانی وەک چارەسەرێکی فۆلکلۆری بۆ ڕۆماتیزم بەکاردەهێنرا، هەرچەندە ئەمڕۆ بازرگانیی مووی پشیلە لە زۆرینەی وڵاتانی پێشکەوتوو و یەکێتیی ئەوروپادا قەدەغە کراوە.
خواردنی گۆشتی پشیلە، لە هەندێک ناوچەی کیشوەری ئاسیا (بە دیاریکراوی لە هەندێک هەرێمی چین وەک پارێزگای گوانگدۆنگ) گۆشتی پشیلە هێشتا وەک خواردنێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و خەمڵاندنەکان باس لە سەربڕینی ملیۆنان پشیلە دەکەن ساڵانە لەو ناوچانەدا.
پەیامی ژینگەیی و ڕەوشتی.
پاراستنی مافی ئاژەڵان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندرووست بۆ پشیلەکان و بوونەوەرە بێ زمانەکانی تر، پێوەرێکی سەرەکییە بۆ پێشکەوتنی مەدەنیی هەر کۆمەڵگەیەک. پێویستە لە ڕۆژی جیهانیی پشیلەدا تیشک بخرێتە سەر پێویستیی هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان لەسەر بنەماکانی بەخێوکردنی مرۆڤدۆستانە و کەمکردنەوەی ئازاردانی ئاژەڵان لە شەقامەکاندا.
ڕێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە









