هەولێر و عەممان مێژوویەک لە دۆستایەتی و هاوکاری

لوقمان عوسمان گە ڵاڵی

لە پەراوێزی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی جارێکی دیکە پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان درەوشایەوە. کۆبوونەوەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د. جەعفەر حەسسان سەرۆک وەزیرانی ئوردن جەختکردنەوەیەکی دووبارە بوو لەسەر ئەو پەیوەندییە مێژوویی و ستراتیژییەی کە هەولێر و عەممان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ئەم دیدارە تەنها کۆبوونەوەیەکی پرۆتۆکۆڵی نەبوو بەڵکو هەڵگری پەیامی ڕێز و پێزانینی خاوەنشکۆ شای ئوردن بوو بۆ گەلی کوردستان، کە نیشانەی قووڵایی متمانەی نێوان هەردوولایە. ئوردن هەمیشە وەک دۆستێکی نزیک و پشتیوانێکی ڕاستگۆی دۆزی ڕەوای گەلی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە.
دووپاتکردنەوەی خواستی هەردوولا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان وەک کاراکتەرێکی سەرەکی و سەقامگیر لە ناوچەکەدا دەبینرێت. ئەم جۆرە جوڵە دیپلۆماسییانەی سەرۆک وەزیران، نەک هەر پێگەی هەرێم بەهێزتر دەکەن بەڵکو دەرفەتی نوێ بۆ هەماهەنگی ئابووری و سیاسی لە ناوچەکەدا دەڕەخسێنن کە لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندیی گشتیی گەلی کوردستان و سەقامگیریی ناوچەکەدایە.